سەلاحەدین بەهائەدین: هیچ كۆسپێك لە دەنگدان بە “بەڵێ” ساردمان ناكاتەوە

ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، حیزبەكەی تێبینی لەسەر دۆخی حكومڕانی كوردستان هەیە بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نەبن. دەشڵێت “مەتڵەب و كاری خۆمان لەسەر كەس پەكناخەین”.

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی حیزبەكەی، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاندووە، لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندان، هاوكات هاوكار و هاوئاهەنگن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە.

سەلاحەدین بەهائەدین دەشڵێت “وێڕای ئەوەی تێبینیمان لەسەر دۆخی حكومڕانی هەرێمی كوردستان هەیە بەڵام ئەسڵ ئەوەیە ئێمەی یەكگرتوو بە بەڵێ دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە ئەوە ستراتیژ و بەرنامەی كارمانە، مەتڵەب و كاری خۆمان لەسەر كەس پەكناخەین”.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو گوتوویەتی “ئێمە هەمیشە خەریكی نێوەندگیری بووین لەنێوان هێزە سیاسییەكان، بەشی زۆری ئەو ململانێیەی لە كوردستانیش هەیە ململانێی كۆنەقینە نەك شەڕی چاكسازی”.

سەلاحەدین بەهائەدین راشیگەیاندووە، ئەو لایەنانەی كە لەناو ئەنجوومەنی ریفراندۆمدا نین مانای ئەوە نییە كە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆییدا نەبن.

لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی، سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاندووە “دەبێت ئەوە بزانین كە هیچ كات وڵاتان فەرموومان لێناكەن بۆ ئەم هەنگاوە. بۆ دۆخی ناوخۆش بێگومان ئەگەر یەكڕیزی باشتر بەدەستهاتبا بۆ ریفراندۆم باشتر دەبوو”.

Back to top button