مه‌سعود بارزانی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، سبه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌نگی خۆی ده‌دات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیاند: “گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و رۆژی 25ـی9ـی2017 ریفراندۆم بەڕێوە دەچێت”

یەکشەممە 24-9-2017 لە سەلاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە یان كووبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بەپێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لە دیدارەكەدا یان کوبیش رایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتووە دواهەنگاوەکان و هەڵسەنگاندنی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی رەوشی ئێستا و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بزانێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی راگەیاند، کە “پێچەوانەی هەموو ئەو بنەمایانە رەفتاریان کرد کە لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خودی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مافێکی سەرەتایی بۆ گەلان چەسپاوە، کەچی بەو شێوەیە لەگەڵ خواستی گەلی کوردستان بۆ دەربڕینی را لەسەر چارەنووسی خۆی، مامەڵەیان کرد”.

بارزانی جەختیشی کردەوە، کە ریفراندۆم سادەترین مافی دیموکراسییە و، گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و رۆژی 25ـی9ـی2017 ریفراندۆم بەڕێوە دەچێت و، دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کراوەیە بۆ ئەوەی لەسەر سنوور و هەموو بابەتەکانی دیکە قسە بکەین و، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەئکیدیشی کردەوە، کە کوردستان وەک پێشتر لە رۆڵی کارای خۆی لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت و سیاسەتیشمان بەرانبەر حەواندنەوەی ئاوارەکان وەک خۆیەتی و، ئەوانە برای ئێمەن و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکاندا هەیە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی هەڵوێستەکانی بارزانی کرد لەبارەی شەڕی دژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و حەواندنەوەی ئاوارەکان و بەڵێنیشی دا، نیگەرانییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەهەموو لایەک رابگەیێنێت و لە ئەرکی خۆیشیان کە رێگەگرتنە لە ململانێ و هەوڵدانیان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان، بەردەوام دەبن.

 

Back to top button