ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم .. ریفراندۆم له‌هه‌موو كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت

له‌ راگه‌یاندراوێكدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ـی٩ـی٢٠١٧ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، له‌ سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبۆوە. وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و بەڕێز مەسعود بارزانی باسی ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی کرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.
هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” دواتر شاندی کوردستان کە ڕۆژی ٢٣ـی٩ـی٢٠١٧ سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خستەڕوو و ڕوونیان کردەوە کە بەغدا بەهیچ شێوەیەک، ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناکات و بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشیان ڕەت کردۆتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هیچ گفتوگۆیەک بکەن.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم راشی گه‌یاند”شاندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە و ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت، وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” دواتر لیژنەی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەڵگەنامەکەی خستەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە کوردستان لە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت. دوای شی کردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانەی دا:
یەکەم: ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.
دووەم: کۆبوونەوەکە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پەسند کرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەکاری بەڵگەنامەکە کرد.
سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.
چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیش کرایەوە کە بە یەکڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین.
Back to top button