بارزانی: ئەگەر توركیا سزای ئابووری بسەپێنێ هەردوولا زیانمان بەردەكەوێ نەك بە تەنیا ئێمە
بارزانی وەڵامی ئەو كەس و لایەنانە دەداتەوە كە دەڵێن درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان واتا درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلی دووەم دەڵێ: “قسەیەكی زۆر سەخیف و بێمانایە” هەروەها سەبارەت بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر هەرێمی كوردستان وەڵامی توركیا دەداتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە(24-9-2017) مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا وەڵامی پرسیاری ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی دایەوە كە زۆرینەیان لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بوو.ش
مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی توركیا لە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان گوتی: “، ئێمە حەز ناكەین توركیا هیچ سزایەك بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، با بزانین ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا چ بڕیاری داوە، هەر گوێمان لێ بووە، ئەگەر سزای ئابووری بسەپێت، هەردوولا زیانمان بەر دەكەوێ، ئێمە بە تەنیا نایكەین”.
سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ نوێنەرانی كورد دوای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا دەگەڕێنەوە یان پەیوەندییەكان بە تەواوی دەپچڕێت بارزانی ڕایگەیاند ، پاش ئەوەی كە پەرلەمانی فیدرالی كە ئێستا بە فیدراڵی ناوی نابەین، بیریان لە زۆرینەی سیاسی كردەوە و بڕیارەكانیان بەبێ كورد پەسەند كرد، هەروەها لەبارەی بەرپرسانی كوردەوە، تەنیا سەرۆك كۆمار ماوە، ئەگەر دەریان بكەن، با بگەڕێنەوە، ئەگەر ڕێشیان پێ بدەن، با بمێننەوە، لەسەر خۆیان دەوەستێ.گوتیشی: “من دڵنیام ئەگەر لەسەر ئەوانە و لە سەرەوەیان سەرۆك كۆمار، ئەوان دەست لەكار دەكێشنەوە و بۆ كوردستان دەگەڕێنەوە، لە بری ئەوەی لەپێناو پۆست و پارە بمێننەوە”.
لە دوا قسەی خۆیدا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆك بارزانی لە وەڵامی پرسیاری “نەیارانتان دەڵێن لەگەڵ ئەوەدا نین كە ئیسرائیلی دووەم درووست ببێت، وەڵامت بۆ ئەوانە چییە؟” گوتی: “ئەوانەی دەڵێن ئیسرائیلی دووەم درووست دەبێ، قسەیەكی زۆر سەخیف و بێمانایە”.