شیرین فوئاد مەعسووم بۆ گەلی عێراق: هاوكاری كوردستان بكەن تا ببینە دوو دراوسێی باش
كچی سەرۆك كۆماری عێراق لە پەیامێكدا داوای لە گەلی عێراق كرد، لەم چركەساتە مێژووییەدا هاوكاریی گەلی كوردستان بكەن، تاوەكوو ”ببینە دوو دراوسێی باش“.
لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە كۆپییەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، شیرین فوئاد مەعسووم، كچی سەرۆك كۆماری عێراق، داوای لە پێكهاتەكانی (عەرەب، توركمان، ئاشووری، كلدانی، سریانی و تەواوی پێكهاتەكانی دیكە) كرد، لەم چركەساتە مێژووییەدا لەگەڵ كورد بوەستن و ”پشتیوانیمان بكەن لە ڕاستكردنەوەی ئەوەی كە بەهۆی بەریتانیا و فەڕەنسا و داگیركاران ڕووی داوە“.
ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە گەلی كورد ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و كۆچپێكردن و كیمیاباران بووەتەوە و قوربانیی زۆری لە پێناو ئازادی و درووستكردنی ئەمڕۆ داوە، دەشڵێت: ”قوربانیی زۆرمان لەپێناو ئەمڕۆ داوە كە بریتییە لە سبەی، ڕۆژی ڕیفراندۆم. سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقیش دووچاری زوڵم و زۆرداری بوونەتەوە لەسەر دەستی ڕژێمە یەك بەدوای یەكەكانی عێراق“.
داواشی لە عێراقییەكان كردووە كە ئەوەیان لەبیر نەچێت، لە شەڕكردن دژ بە زوڵم و داپڵۆسین لە یەك بەرەدا بوون و تكای كرد: ”هاوكاریی گەلی كوردستان بكەن لە وەدیهێنانی ئامانجەكەی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، تاوەكوو ببینە دوو دراوسێی باش“.
ئاماژەشی بەوە داوە: ”لەجیاتی ئەوەی هەموومان بە لەژێر سێبەری یەك ئاڵادا بەزۆر بەیەكەوە بژین كە دەیان كێشەی لێ دەكەوێتەوە. هەروەها داوا دەكەم گوێ بە هەندێك لە سیاسەتوانەكان نەدەن لەوانەی كە دەهۆڵی شەڕ لێدەدەن. هەر ئەوانەن كە عێراقیان كردووەتە زەلكاوێك لە گەندەڵی و ئەو سیاسییانە پێیانوایە كە گەلی عێراق ڕقیان لە ئازادییە و زوڵمیان خۆش دەوێ، بۆیە لێدوانەكانیان توندتر دەكەن. پێیانوایە بەو لێدوانە ئاگرینانە شەقامی عێراق بەدەست دەهێنن“.