هەڵەبجە.. بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئامادەكاریی تەواو كراوە
وەك بڕیارە سبەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە تەواوی سەرزەمینی باشوری كوردستان بەڕێوە بچێت بۆ ئەم مەبەستە لە پارێزگای هەڵەبجه ئەو شارەی بووە قوربانی كورد بوون ئامادەكاریی تەواو كراوه.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای هەڵەبجەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان، ڕای دەگەیەنێت: “لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی سبەی 25ی ئەیلوولی2017 ئامادەكاریی تەواو كراوە “.
حەمەسەعید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاڕێزگای ھەڵەبجەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند: “له سنووری پارێزگای هەڵەبجە جگە لە شارەدێی بەمۆ، (27) ناوەند و ( 164) وێستگەی دەنگدان هەیە و سندووقی دەنگدان براون بۆ سەرجەم بنكە و ناوەندەكان و بەسەریاندا دابەش كراون”.
بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاڕێزگای ھەڵەبجەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەكان، گوتیشی: “بۆ دەنگدانی سبەی 25ی ئەیلوولی 2017، ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە به شێوەیەكی باش بەڕێوە بچێت”.
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لە شارەدێی بەمۆی سەر بەو پارێزگایه، نزیكەی (76) هەزار كەس مافی بەشداریكردن لە دەنگدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیان هەیە.