مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك: ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن
مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا داوا لە خەڵكی شاری كەركووك دەكات سبەی ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
پەیامەكەی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك وێنەیەكی بۆ(خواكوڕك) نێردراوە لە بەشێكیدا هاتووە”جەماوەری خۆڕاگری كەركوك… لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین پابەند دەبین بەبڕیاری كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا،بۆیە داواكارین لەتەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك و سەرجەم ناوچە جێ ناكۆكەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان”.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:-
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
جەماوەری بەشەرەف و خۆراگری كەركوك
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان٠٠٠
لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك و پەیڕەوكردنی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مامی گەورەمان و پاراستنی خاك و ژیانی هاوڵاتیانی شارەكەمان و دورخستنەوەیان لە هەر مەترسیەكی نەخوازراو،هاوكات بەهەند وەرگرتنی ڕاو بۆچونی وڵاتانی ئیقلیمی و نەتەوەیەكگرتوەكان و ولاتە زلهێزەكان،پێمان باش بوو پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ كاتێكی گونجاوتر دوابخرێت،كە زەمینەیەكی لەبار و دڵنیایی بۆ بڕەخسێنین تاوەكو ئاوات و دروشمی یەكێتیەكەمان بۆ مافی چارەی خۆ نوسین و سەربەخۆیی بەدەستبێنین.
بەڵام وادیارە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم سورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە تەواوی كوردستان بە كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكانەوە،ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین،وەك چۆن لەرابردوادا كە مێژوو شاهێدە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لە دروست بونی مەفرەزە سەرەتاییەكانەوە تا ئەمڕۆ بەشەڕی روبەرووبونەوەی تیرۆرستانی داعشەوە روبارێك خوێنمان لەپێناو ئەم خاكەدا بەخشیوە و یەكێتی خاوەنی زۆرترین ژمارەی شەهیدە و حزبی شەهیدانی كوردستانە،بۆیە هەرگیز سازشمان نەكردوە لەسەر خاك و پیرۆزیەكانی گەلەكەمان و بۆ ئایندەش بەهەمان گیان و سورتر و مكوڕتردەبین بۆ بەدیهاتنی خەونە وەدی نەهاتوەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و سەقامگیری ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان.
جەماوەری خۆڕاگری كەركوك… لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین پابەند دەبین بەبڕیاری كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا،بۆیە داواكارین لەتەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك و سەرجەم ناوچە جێ ناكۆكەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
مەڵبەندی (2)ی ڕێكخستنی كەركوك
24/9/2017