ئەكرەم شەریف وەڵامی لاهور تاڵەبانی دەداتەوە
خواكوڕك
رۆژی پێنجشەممە 25-8-2016، پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی جیابوونەوە، وەك رایانگەیاند هۆكارەكەی ئەوەبوو “بەشێوەیەکی نایاسایی ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراوە”.
پاشان لە رۆژی هەینی 26.8.2016 لاهوور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامە زیزبووەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەتەوە و، لە پەیامێكیشدا ئاشتبوونەوەی هەر پێنج ئەندامەكەی راگەیاند و جەختیكردەوە، هەرپێنج ئەندامەكە لەنێو فراكسیۆنی سەوز درێژە بە كاركردن دەدەن.
لەبەرامبەردا ئەکرەم شەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئێستا لیستێکی سەربەخۆی راگەیاندووە راگەیاند : لەگەڵ ئەو چوار هەڤاڵەی دیکەم کۆمەڵێک موعاناتی هاوبەش کۆی کردبووینەوە، بۆ دەستلەکارکێشانەوە و هەر بڕیارێک پەیمانی ئاکارمان بەستووە، ئێستاش گەڕانەوەی ئەوانم لە راگەیاندنەکانەوە بیستووە”.
ئەکرەم شەریف گوتی:” من ستەمی یاساییم لێکراوە و ناکرێ بە کون فەیەکونێک بڕیاری گەڕانەوە بدەم، ئەوەی بەرامبەر من کرا زاڵکردنی بڕیاری کەسیی بوو بەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی”.
ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو هەڵوێستەی ئێمە گرتمانە بەر ئارەزوومەندانە بوو، دووربوو لە هەمووجۆرە و ئاراستەکردنێک.
جێگای ئاماژەیە هەر ئەو کاتە پێنج ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکەی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند “ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان، بە بڕیارێکی سەیروسەمەرە و چاوەڕواننەکراو بوو”، بەڵام مەكتەبی سیاسی هیچ وەڵامێكی دەستلەكاركێشانەوەكانی نەدابووەوە.