نەجمەدین كەریم: داوا لە پێكهاتەكانی كەركووك دەكات بە بەڵێ دەنگ بدەن
دوای ئەوەی كە چەند میدیایەكی عەرەبی وایان بڵاو كردبویەوە كە گوایە لە كەركووك رەوشی ئەمنی مەترسیدارە لە وەڵامدا پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە رەوشێكی نائاسایی لە كەركووك درووست بووبێت و داواشی لە پێكهاتەكانی كەركووك كرد، سبەی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دوای ریفراندۆمیش دانووستانیان لەگەڵ دەكرێت.
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك رایگەیاند، رەوشی ژیان لە كەركووك ئاساییە و هیچ دیاردەیەكی نامۆ بەدی نەكراوە و هێزە ئەمنییەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و سەقامگیری ئەمنی شارەكە دەپارێزن.
گوتیشی: داوا لە پێكهاتەكان دەكەم سبەی بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆیان بە ئازادی بدەن.
هەروەها گوتی: هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە دوای ریفراندۆم گفتوگۆ و دانووستانی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ، نەجمەدین كەریم گوتی: ئەوانەی هەواڵی چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە هیچ ئەنجامێك ناپێكن و ئەوەتا لە ئێستادا سوپای عێراق و پێشمەرگە هەماهەنگی دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی حەویجە و ئەوەش مانای وایە هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی دەكران گوایە سوپای عێراق دێت و رەوشی ئەمنی تێكدەچێت، هیچ بنەمایەكیان نییە.