وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی عەبادی دایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، وەڵامی لێدوانێكی ئەمڕۆ ئێوارەی حەیدە عەبادی دایەوە، كە بە هەڵە باسی لە بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان كردبوو. داواشی كردبوو لە بەغداوە چاودێری بكرێ.
لە ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە “حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەڵە دەكات كە دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 900 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات. لەوانەیە سەیری ژمارە و داتاكانی كۆمپانیای (سۆمۆ)ی كردبێ، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە كەمتر لە 600 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات”.
هەروەها ئاماژەی داوە “هەناردەی نەوتی كوردستان و داهاتەكەی لە ڕێگەی ژمێریاری سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەوە چاودێری دەكرێت. پێویستی بەوە نییە بەرپرسە گەندەڵەكانی بەغدا تەئیدی بكەن”.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم دەڵێ “بەڕێز جەنابی حەیدەر عەبادی، تكایە واز لە بەلاڕێدابردنی خەڵك بێنە. ئەو كات كە كوردستان نەوتەكەی بە كۆمپانیای (سۆمۆ) دەدا، ئێوە هێشتا ئەو بودجەتان بە كوردستان نەدا كە رێكەوتنی لەسەر كرابوو”
لە كۆتاییشدا هاتووە “بەڕێز عەبادی، خۆشحاڵین كە ژمێریارە بێ لایەنەكان دەتوانن هەڵەی جەنابتان بسەلمێنن. ئێوە لەبیرتان كرد سوپاسی كوردستان بكەن بۆ دابینكردنی زیاتر لە 350 مێگاوات كارەبا بۆ مووسڵ لە دوای ئازادكردنی. ئێوە چەندتان بە مووسڵ بەخشی؟ هیچ!”.
جێی باسە ئەمڕۆ عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، چەند زانیارییەكی هەڵەی لەبارەی بڕی هەناردەی نەوتی كوردستان بڵاوكردەوە