قوباد تاڵەبانی: با سبەی بكەینە كەرنەڤاڵی ” بەڵێ” لەسەرانسەری كوردستان
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند “هەموومان سبەی لەكات و سات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ئەم راستییەش هیچ مشتومڕ و دڵەڕاوكێ و گومانێك هەڵناگرێت”.
رۆژی یەكشەممە 24-9-2017، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و لەبارەی ریفراندۆمی باشووری كوردستان رایگەیاند “رۆژی 25-9-2017، ریفراندۆمی باشووری كوردستانە، بۆئەوە ناچین فڵان كاندید و فیسار حیزب سەربخەین یان بیگۆڕین، یان رێژەی كورسییەكانی لایەنێك لەنێو پرۆسەی سیاسییدا زیاد یان كەمبكەینەوە، بەڵكو بۆئەوە دەچین وەڵامی پرسیارێكی كورت لە رواڵەت مەزن بە ناوەڕۆك بدەینەوە، كە ئایا ئێمە پاڵپشتی دەوڵەتی كوردستان لەسەر خاكی مێژووی باب و پایرانمان دەكەین یان نا ؟. وەڵامی ئەو پرسیارانە لە دەرەوەی بازنەی كەڵك و قازانی حیزب و بنەماڵەكان و بەرژەوەندی بەرتەسكی هێزە سیاسییەكانە، چونكە سەركردەكان دێن و دەڕۆن، حیزبەكان هەڵدەكشێن و دادەكشێن، هاوكێشە سیاسییەكان زووزوو دەگۆڕێن و باڵانسی هێز هەردەمەی بەجۆرێك لاسەنگ دەبێت، بەڵام نیشتمان و وڵات رێژەی نەگۆڕە و قابیلی گۆڕانكاری و دابەشبوون و سازش و ملكەچ بوون بۆ بەرژەوەندی بەرتەسك نییە”.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دوا لە خەڵك دەكات لە رۆژی ریفراندۆمی باشووری كوردستان دەنگ بۆ كەس نەدەن و دەڵێت “دەنگ بۆ كەس مەدەن دەست بە توڕەیی و گلەیی و سەرنجەكانتانەوە بگرن و لەسەریان سووربن، بەڵام نابێت و ناكرێت بەرامبەر ئەنفال، كیمیاباران، خەم و ژانی كوردانی فەیلی و بارزانی، كارەساتی كوردانی ئێزدی، خوێنی دەیان و سەتان شەهیدی ئەم گەلە دوودڵ یان خەم سارد بین”.
دەشڵێت “دەنگدانی ئێمە لە رۆژی 25ـی ئەیلوول مانای راگەیاندنی كتوپڕی سەربەخۆیی نییە، بەڵكو بۆ خستنەڕوو و ئاشكراكردنی داواكاری خواستی نەتەوەی خۆمانە، كە هەموو جیهان چاوی لەسەریەتی”.
سەبارەت بە بەدیلی ریفراندۆم قوباد تاڵەبانی رایگەیاند “گفتوگۆیەكی زۆر كرا لەبارەی بەدیل بۆ ریفراندۆم، بەڵام كە ئەم بەدیلە پەسند نەكرا با سبەی گەلەكەمان سەرشۆڕ نەكەین و دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان، با سبەی بكەینە كەرنەڤاڵی ” بەڵێ” لەسەرانسەری هەرێم و شاری كەركووكی قودسی كوردستان و خانەقین و شنگالی سەربەرز و تێكڕای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا دەكات لە رۆژی ریفراندۆمی باشووری كوردستان رۆحی شەهیدەكان ئاسوودە بكرێت و ئاماژە بەوەش دەكات كە “شەڕی چاكسازیی و سیستم و جۆری حكومڕانی هەڵبگرین بۆ رۆژی دوای ریفراندۆمی، رۆحی شەهیدەكانمان ئاسوودە بكەین”.