نێچیرڤان بارزانی سبەی رۆژی بەدیهێنانی خەونی هەزاران شەهیدە
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی كردنەوەی دەرگای بنكەكانی دەنگدان بە رووی دەنگدەرانەوە, نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان, پەیامێكی بڵاو كردەوە لە پەیامەكەی هاتووە:” سبەی ، ڕۆژی سەرخستنی كوردستان و گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانییەوە، ڕۆژی بەجێگەیاندنی ئەركی نیشتمانی و نەتەوەییمانە، ڕۆژێكە دەبێ تیایدا هەموو ناكۆكی و ململانێ و نیگەرانییەكانمان بەلاوە بنێنین و بە جۆش و خرۆشەوە بچینە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و بڵێن: بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان”
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا هاتووە:” سبەی هەتا بەشداری و دەنگی بەڵێتان لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا زیاتر بێت، هێزێكی زیاتر بە كوردستان دەدەن و گەرەنتییەكی گەورەتر بۆ بەدەستهێنانی مافەكانتان و دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆی بەهێز دەستەبەر دەكەن، بۆیە با هەموومان سبەی پێكەوە بەرپرسانە، بە ئارامی و لە كەشێكی شارستانیانەی ئازاد و دیموكراسیدا بڵێن: بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان، بۆ ژیان و داهاتوویەكی تازە، بۆ پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ دراوسێكانمان و لەگەڵ جیهان.
دەقی پەیامەكە
كوردستانیانی خۆشەویست،
سبەی 25ی ئەیلوول ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان، ڕۆژی دیاریكردنی چارەنووسە، ڕۆژی بڕیاردانه لە داهاتوویەكی باشتر بۆ خۆمان و نەوەكانمان، ڕۆژی هەنگاونانە بەرەو بەدیهێنانی خەونی هەزاران شەهید و ئەنفالكراو و كیمیابارانكراو و ڕفێنراو، ڕۆژی سەرخستنی كوردستان و گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانییەوە، ڕۆژی بەجێگەیاندنی ئەركی نیشتمانی و نەتەوەییمانە، ڕۆژێكە دەبێ تیایدا هەموو ناكۆكی و ململانێ و نیگەرانییەكانمان بەلاوە بنێنین و بە جۆش و خرۆشەوە بچینە سەر سەندووقەكانی دەنگدان و بڵێن: بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان.
كوردستانیانی ئازیز،
سبەی هەتا بەشداری و دەنگی بەڵێتان لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا زیاتر بێت، هێزێكی زیاتر بە كوردستان دەدەن و گەرەنتییەكی گەورەتر بۆ بەدەستهێنانی مافەكانتان و دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆی بەهێز دەستەبەر دەكەن، بۆیە با هەموومان سبەی پێكەوە بەرپرسانە، بە ئارامی و لە كەشێكی شارستانیانەی ئازاد و دیموكراسیدا بڵێن: بەڵێ بۆ سەربەخۆییی كوردستان، بۆ ژیان و داهاتوویەكی تازە، بۆ پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ دراوسێكانمان و لەگەڵ جیهان.
نێچیرڤان بارزانی