بەڵێ لە سلێمانی سەرکەوت

نیازحاجی

بەڵێ هەر بەڵێەلە ژماردندا بەڵام دەکرێ لە قورسایدا جیاوازیان هەبێ ، ئەو خواردنەی لە قورگی شێردا دەردەهێنرێت جیاوازە لەو خواردنەی لەسەر سفرەی حازر دێتە بەردەممان …..
راستە بەڵێکان هیچ جیاوازیان نیە لە هەر شارێکدا بن، بەڵام ئەو بەڵێیەی لە هەولێرو دهۆک دەگوترێت ، جیاوازە لەو بەڵێیەی کە لەژێر هەڕەشەی تەقینەوە و هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و ئیران دەگوترێن ، ئەو بەڵێیانەی لە سلێمانی گوتراون وەک ئەوە وایە لە ئوستانەیەکی ئێران بەڵێت گوتبێ .

لە چارەگە سەدەی رابردووی دەسەڵاتی کوردیدا ، لە شار سلێمانی و زۆنی سەوز نیلیدا ، تەوژمێکی زەبەلاحی دژ بە هەستی نەتەوەیی شارەوە لە قاوغی بانگەشەیەکی نەتەوەیی ساختە و چەواشەکار بە هەژمونێکی زاڵ و خۆسەپێنەوە حزوری هەبووە ،زیاتر لە نیوسەدەیە بە بەرنامەی تۆکمە بارزانی لەو دەڤەرەدا ناشیرین دەکرێ و بە دێوەزمە وێناکراوە ، چۆن عومەر لای شیعەکان ناشیرین دەکرێ ، زۆر خراپتر لەوە کار کراوە بۆ ناشیرین کردنی بارزانی .
هەرچەندە پارتیش لەوەدا تاوانبارە و کەمتەرخەم بووە و تارادەیەک ئەو دەڤەرەی لەروی رێکخستن و حزوری خۆیدا، پشتگوێ خستووە .

لەماوەی رابردوودا تەواوی ئەو دەڤەرە بەهۆی هەندێ بەناو رۆشەنیری ساختە و قەڵەم وەشێنی بێوێژدان و هێزی بەرژەوەندخواز ، لە ژێر ئیرهابێکی فکریدایە ، سەرقاڵ و شەکەت کراوە ، بیری داگیرکراوە و دەرفەتی ئارامی بۆ نەرەخساوە بۆئەوەی بەتەندروستی بیربکاتەوە ، لە لایەن هەندێ میدیا کە رۆڵی تابوری پێنجەم دەبینن ، ئەو شارە هەموو ئومێدەکانی زیندەبەچاڵ کراوە ، رەشبینی باڵی بەسەدا کێشاوە ، کارو کەسابەتی تێدا نەماوە ، ئاستی متمانە بەیەکتر و متمانە بەخۆبوون لەوپەڕی لاوازیدایە ، لە ناوتۆنێلێکدا
جێهێڵراوە و ئەوسەر و ئوسەری تاریکە ، سەرەرای نزیکی لە ئیرانەوە ، دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە دۆخ و کارئاسانیەکی تەوایان بۆ دامودەزگا و بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئێران رەخساندوە بەجۆرێک ئاغای قاسمی سلێمانی تەدەخولی وەرد و درشتی ئەو دەڤەرە دەکات ، بێ هیچ سانسۆرێک تەڕاتێنی تێدا دەکات و دەیان بارەگای لەژێر لافیتەی جۆراوجۆر، تێدا کردۆتەوە .

جگە لەوانەی سەرەوە ، حزبەکانی ئەو سنورە ئاگایان لە خەڵکەکەی نەماوە بەهۆی کاری بازرگانی و ملشکاندنی یەکتر و باڵباڵێن و ململانێی یەکتر ، لەروی خزمەتگوزاری پشتگوێ خراوە ، شارێک لە بێخاوەنیدا سروە و شاشوار خۆیان کردوە بەخاوەنی .

شاڕێک نیوەی زیاتری لە بەرپرسە حزبی و ئیداری و ئەمنی و بەناو رۆشەنبیرو قەڵەم وەشێنەکانی و تەواوی میدیاکانی ، لە تەوای ماوەی رابردودا کاریان لەدژی رێفڕاندۆم کردووەو گومانیان خستۆتە سەری، ریفڕانۆمیان بە موزایدە و درۆ و خۆدزینەوە لە قەیرانەکان و پرۆژەیەکی پارتی و شەخصی بارزانی ، جارێکی تر بە پرۆژەیەکی تورکی و داعش وێنا کردووە .
بە پێچەوانەوە لە جیاتی بانگەشەکردن بۆ ریفڕاندۆم و بەڵێ ،ئەنجامدانی ریفراندۆمیان بە هەرەشە و مەترسیەکی گەورە وێنادەکرد کە ئەگەر بکرێت ،ئابڵوقە دەدرێن ، لە برسا دەمرین ، عێراق و ئێران و تورکیا هێرشمان دەکەنە سەر .
هیچ بانگەشەیەک بۆ بەڵێ لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەو سنورە ئەنجام نەدرا ، تا دوا ساتەکانیش هەر لە دژی بون و دەیانگووت دوادەخرێ و ئێستا کاتی نیە ، بە پێچەوانە ، بانگەشە بۆ نەخێر، کەناڵی ئاسمان هەبوو ، بەبێ ترس تەراتێنیان تێدا دەکرد .
لە هەمان کاتدا ، ئاراستەیەکی میدیایی عەرەبی نزیک لە مالیکی و ئێرانی و عەرەبی شۆڤێنی بەهەمان ئاراستەی بەرەی نەخێر ، کاریاندەژرد و هاوکاریان بوون و هەڕەشە و ترس و گومانیان بڵاودەکردەوە ، هەڵوێستی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر و جیهانی و نەتەوە یەکگرتوەکان پشتراستی بانگەشەکانی ئەوانی دەکردەوە لە دژی ریفڕاندۆم .

ئەمە سەرەرای ئەوەی ، بە شێوازێکی بەرنامە بۆ دارێژراو ، لەرۆژی دەنگداندا ، گرفت بۆ دەنگدەران دروست دەکرا و بێزار دەکران بەهۆی نەبونی ناوەکانیان لە تۆمارەکاندا بۆئەوەی دەنگ نەدەن ، یەکێتیش بەهۆی بابەتی ئالۆزی تێکەوتنی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە کەرکوک، زۆربەی ئەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ ریفڕاندۆم و بەڵێدا بوون ، لەو رۆژەدا و رۆژی پێشتریش چوونە کەرکوک و هەر لەوێش مانەوە و لە وێش دەنگیاندا ، گۆڕان و کۆمەڵیش تا چەند کاتژمێرێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم هەر دژی بوون ، هەرچەندە لە دواساتەکانیشدا هەڵوێستەکەیان راستگۆیانە نەبوو .

ئەوانە بەشێکن لە هۆکارەکان بۆ کەمی رێژەی بەشداری ، ئەگەر لەم دۆخە ناهەموارەدا و بەو بەرنامە رێژیە کار لە دژی بارزانی و ریفراندۆم و بەڵێ کرا بێ ، ئەو بەشداری و ئەو دەنگە بەڵێیانەی کە لە ریفڕاندۆمدا هاتوون وەک ئەوە وایە لە ناو قورگی شێرەوە دەرهاتبن ، بۆیە کە دەڵێم دەنگە بەڵێیەکانی سلێمانی و کەرکوک قورساییان زۆر لەو دەنگە بەڵێیانە زیاترە کە لە هەولێر و دهۆک هاتوون هەرچەندە لە ژماردندا وەک یەک وان .
ئەو بابەتەشم بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەڵێکانی هەولێر و دهۆک نیە بەڵکو مەبەستم دەرخستنی هەندێک راستیە کە دەبێ هەموومان بیزانین بۆئەوەی نەبێتە هۆکارێک بۆ برەودان بە شارچێتی و هێرشکردنە سەر سلێمانی و هەڵەبجە .

Back to top button