بریاردەرێكی كۆنگرێس: من لێبراوانە باوەڕم بە مافی چارەنووسی كورد هەیە
دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان, لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی بە شێویەكی جیاجیا پێشوازی لە ئیرادەی گەڵی كوردستان دەكرێت, بۆ ئەم مەبەستەە ئێلیوێت ئێنگێل، جێگری سەرۆكی كۆمیتەی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، بە بڵاوكردنەوەی ڕاگەیەندراوێك، بە فەرمی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كردووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە كە ئەو كۆنگرێسمان و یاسادانەرەی دێموكراتەكان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی كردووەتەوە: “حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشوازیی ئاوارەكانی شەڕی داعشدا ڕۆڵێكی زۆری هەبووە و زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری سووری و عێراقیی لە كەمپەكان جێگیر كردووە، هاوكات بەشداریی كورد لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، زۆر هەستیار و كاریگەر بووە و لە شكستدانی داعشدا دەوری هەبووە”.
لە بەشێكی دیكەشدا ئاماژەوەی بەوەش كردووە: “ئێستا كە داعش بەرەو لاوازی و لەناوچوونی یەكجارەكی دەڕوات، خەڵكی كورد كەوتوونەتە ژێر مەترسیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، من لێبراوانە باوەڕم بە مافی كوردان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان هەیە”.
ئەو یاسادانەرە ئەمریكییە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەیدا دەنووسیت: “سەرەڕای لە گۆڕیدا بوونی چەند پرسی وەك شكستدانی داعش، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، بووژانەوەی ئابووری و جێگیربوونی دۆخی سیاسیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكات من داوا لە رێبەرانی كورد دەكەم كارتی ڕیفراندۆم كە ویستی خەڵكە بۆ دابینكردنی مافەكانی خۆیان بەكار بهێنن”.
ئێلیوێت ئێنگێل، لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا نووسیویە: “ئیستا كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كۆتایی پێهاتووە، من داوا لە هەموو لایەن و وڵاتانی ناوچەكە دەكەم بۆ بنیاتنانی ماڵی بەهێز و دەوڵەتی كورد بێنە پێشەوە و ڕێگەخۆشكەر بن، چونكە دەستووری عێراق ڕۆڵی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بە فەرمی ناسیوە و دەبێ حكوومەتی عێراق بەڵێنەكانی خۆی لەمبارەوە جێبەجێ بكات و واز لە زمانی شەڕ و هەڕشە بهێنێت”