رووسیا خۆی لە كوردستان نزیك دەكاتەوە
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ڕووسیا بە نەرمی ھەڵوێستەكانی دەیەوێ خۆی لە كوردستان نزیك بكاتەوە، لەكاتێكدا كە ھەڵوێستی ئەمەریكا بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی توند بووە. شارەزایەكی نێودەوڵەتیش ئاماژە بەوە دەدات ھەر پاشەكشەیەكی ئەمەریكا و توركیا لەگەڵ كوردستان، رووسیا شوێنەكانیان پڕ دەكاتەوە.
رووسیا ئەو ھێزەی كە زۆربەی كات لەدوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا حسابی بۆ دەكرێت، لەم ماوەیەی كە كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا، ھەڵوێستەكانی نەرم و ئەرێنی بوون، تەنانەت گرێبەستی گەورەی لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ كوردستان ئەنجام دا، لە كاتێكدا كە ئەمەریكا ھەڵوێستەكانی بەتوندی لە دژی ئەنجامدانی پرۆسەكە بینرا.
ئاژانسی ھەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، ئەو رێككەوتنە وەرچەرخانێكی گەورەیە بۆ كورد، كە لە ساڵی ١٩٩١وە پەیوەندییەكی تۆكمەیان لەگەڵ واشنتندا ھەیە.
لای خۆشیانەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ میدیا جیھانییەكان رای گەیاند: “ئەوان بایەخ بە خواستەكانی كوردستان دەدەن، كە دەیانەوێت وەكوو ھەر گەلێكی دیكەی سەر ئەم ھەسارەیە خواست و ھیواكانیان بێتە دی”.
سیروان حەمەشەریف، چاودێری سیاسی و شارەزای نێودەوڵەتی بۆ (باس) رای گەیاند، رووسیا لە ھاوكێشەی جیھانیدا قورسایی ھەیە و ئەوەی دركی پێ دەكرێت لەم ماوەیەدا كە ھەڵویستەكانی ئەمەریكا توند بووە، رووسیا خۆی لە كوردستان نزیك كردووەتەوە، گوتی: “رێككەوتنەكانی ئەو دواییەی لەگەڵ كوردستان و حساب نەكردن بۆ عێراق ئەو راستییەمان پێ دەڵێت كە كوردستان بۆ رووسیا لە عێراق گرنگترە، ھەر بۆیەش ھەڵوێستەكانی بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی كوردستان نەرم و دیپلۆماسیانە بوون، بەراورد بە ھەڵوێستەكانی ئەمەریكا كە توندیی پێوە دیاربووە”.
ئاماژەی بەوەش دا، رووسیا ئەگەر بۆی بكرێت لە ڕێگەی كۆمپانیای رۆسنەفتەوە، ئەوە نەوت و غازی كوردستان لە ڕێگەی سووریاوە دەفرۆشێت، چونكە سووریا بەتەواوی لەژێر ھەژموونی خۆیدایە، گوتی: “توركیا ھەڵەی وا ناكات كە ڕێگە لە ھەناردەی نەوتی كوردستان بگرێت بۆ بازاڕەكانی جیھان، كە قازانجی لەو پڕۆسەیە بە ملیۆنان دۆلارە، بەڵام ئەگەر كاری وا بكات ئەوە شەرعییەت دەدات بە رووسیا كە بیر لە بژارەی سووریا بكاتەوە”.
كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی، بڕی یەك ملیار دۆلار بۆ راكێشانی بۆڕیی گازی سروشتی بۆ توركیا تەرخان دەكات و توانای گواستنەوەی ئەو بۆڕییەش ساڵانە ٣٠ ملیار مەتری سێجا گازی سروشتیی دەبێت.
د. عەبدولكەریم خەسرۆ، چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، ھاتنی كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی بەو قورساییەی بۆ كوردستان و ھەڵوێستی نەرمی مۆسكۆ لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستانەوە ئەوە دەردەخات كە رووسیا چاوی لەوەیە پێگەی خۆی لە كوردستان بەھێز بكات، بەڵام ھەڵوێستی توندی ئەمەریكاش بەو مانایە نییە كە ئەمەریكا پاشەكشە لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانی لە كوردستان دەكات، گوتی: “لە دۆخێكدا كوردستان ببێت بە دەوڵەت، ئەمەریكا ھەوڵی توندكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی دەدات و كوردستان بەو شێوەیە جێ ناھێڵێت كە مۆسكۆ بتوانێ بۆشاییەكانی پڕ بكاتەوە”.
ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای نەمانی داعش لە عێراق، ئەمەریكا نەخشەیەكی نوێ بۆ ستراتیژی خۆی دادەنێت، نەخشەكە لەسەر ئەو دیفاكتۆیە دەبێت كە لە چوارچێوەی عێراقدا ھەیە، كوردستانیش مەسیجی تەواوی خۆی بەو ستراتیژە داوە و ئەمەریكاش لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوەی بۆ دەكات.