بزانن لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان كەنەدا چی بە پەرلەمانی عێراق گوتووە
لە بەرامبەر هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هاندانی كەنەدا لە دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە وەڵامێكی توندی پەرلەمانی عێراق دەدەنەوە.
(ِخواكوڕك) زانیاری بەدەست گەیشتووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێكی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەلیم جبووری، لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای كەنەدا كۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كردووە.
لەم كۆبوونەوەیاندا شاندەكەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیان بەوە داوە كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستووری و یاسایی نییە و ئەوان ڕەتی دەكەنەوە. بەڵام لەبەرامبەردا بەرپرسانی كەنەدا بە توندی وەڵامیان داونەتەوە و ڕایانگەیاندووە: ”ئێمە لە نیگەرانییەكانتان تێدەگەین و لەگەڵ دابەشكردنی عێراقدا نین، بەڵام دەبێ ئێوەش لەوە تێبگەن كە بۆچی هەرێمی كوردستان داوای جیابوونەوە دەكات؟“.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەو زوڵم و زۆردارییانە كرد كە لەلایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە 100 ساڵی ڕابردووەوە بەرامبەر بە كورد كراوە، هەر لە (ئەنفال، كیمیاباران، راگواستنی گوندنشینان و وێرانكردنی 4500 گوند لە كۆی 5 هەزار گوند، بۆمبڕێژكردنی كوردستان و لەناوبردنی ژێرخانی وڵات)ەوە تاوەكوو بڕینی بودجەی كوردستان كە بارزانی بە ”ئەنفالێكی دیكە“ ناوی برد، ئەمەش وەك دەرخستنی هۆكارەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هەرێمی كوردستان.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە میانی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا كە ئەمڕۆ بەڕێوە چوو، دوو ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا وەكوو چاودێر بەشدارییان كردووە.