تیسۆی دۆستی دێرینی كورد پیرۆزبایی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان دەكات

فریدریك تیسۆ، كۆنسووڵی پێشووی فەرەنسا لە هەولێر و دۆستی دێرینی كورد، پیرۆزبایی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكات و باسی سەربەخۆیی كوردستانیش دەكات.

فریدریك تیسۆ، لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر، چەند وێنەیەكی نوێی خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: “گەلی كوردستان بڕیاری لە چارەنووسی خۆیدا.. رۆژێك دواتر.. یەكەم رۆژی سەربەخۆیی لە رۆحەوە”.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم وڵاتانی هەرێمی نێودەوڵەتی تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ دواخستنی پرۆسەكە چڕكردەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستان، سووربوون لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا.

ناوەڕاستی ئەم مانگەش، نوێنەرانی وڵاتانی زلهێز، لە دهۆك لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم كۆبوونەوە و داوایان كرد لە جیاتی ریفراندۆم، گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ بەغدا دەستپێبكرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پرۆسەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن و دەرگای گفتوگۆش داناخریت.

ئەو كاتەی ئەو شاندەی وڵاتانی زلهێز لە كۆبوونەوەدابوون، فریدریك تیسۆ، وەك دۆستێكی دێرینی كورد، كە لەسەردەمی شۆڕشی كورد لە شاخ سەردانی كوردستانی كردبوو، لە رێگەیەوە توویتەرەوە رایگەیاند، “پێویستە دۆستە كوردەكانم باوەڕ بە هیچ بەڵێنێك نەكەن”.

لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمیش، تیسۆ، وەكو چاودێر لە كوردستان بوو و لە نزیكەوە ئاگاداری وردەكارییەكانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بوو.

ڕۆژی(25-9-2017) گەلی كوردستان، بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بڕیاریاندا لە چارەنووسی خۆیاندا و بە گوێرەی ئاماره سەرەتاییەكانیش، دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لە سەرووی 90%ی دەنگەكانی هێناوە

 

Back to top button