سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق: بەشداریم لە ڕیفراندۆم كردووە و پۆستەكەشم قوربانی سەربەخۆیی بێت
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاری دا هەر كارمەندێكی حكومەتی عێراق بەشداری لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كردبێت لە كاردوور دەخرێتەوە, سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق: بەشداریم لە ڕیفراندۆم كردووە و پۆستەكەشم قوربانی سەربەخۆیی بێت
سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق، ئاشكرای دەكات، كە لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەشداری كردووە، جەختیش دەكاتەوە، كە پۆستەكەی دەكاتە قوربانیی سەربەخۆیی.
عەبدولخالق مەسعود، سەرۆكی یكێتی تۆپیی عێراق، ڕای گەیاند: “ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە بەشداریم لە ڕیفراندۆم نەكردووە، ڕاست نین”.
ئەو بەرپرسە كوردە، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی (k24) گوتیشی: “لە شاری هەولێر بەشداریم لە ڕیفراندۆمدا كرد و ئامادەشم پۆستەكەم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەم بە قوربانیی”.
ئاماژەی بەوەشدا، كە هەركاتێك سەركردایەتی كورد داوای لێبكات، دەست لە پۆستەكەی هەڵدەگرێت: “چونكە سەربەخۆیی كوردستان لەسەرووی هەزاران پۆستەوەیە”.
پێشتر میدیا عێراقییەكان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە گوایە مەسعود عەبدولخالق بەشداری ڕیفراندۆمی نەكردووە و گوتوویەتی لەگەڵ یەكپارچەیی عێراقدایە، بەڵام ئەو بەرپرسە كوردە سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە.