تەلار فایەق: بڕیارەكەی بەغدا بۆ رادەستكردنی فڕۆكەخانەكان ناواقیعییە
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق ماوەی سێ رۆژ مۆڵەت دەداتە كوردستان بۆ رادەستكردنی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی، بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش ئەو داوایە بە “ناواقیعی” ناودەبەن. هەوڵەكانیش بۆ چارەسەری ئەو پرسە دەستیانپێكردووە.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە دەروازە وشكانیی و ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی. بۆ رادەستكردنەوەشیان، سێ رۆژ مۆڵەتی داوەتە كوردستان. مۆڵەتەكە لە كاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی هەینی 29-9-2017 كۆتایی دێت.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكان سەر بە حكومەتی ناوەندین، بۆیە بەغدا دەتوانێ گەشتكردن بۆ فڕۆكەخانەكان رابگرێ و وڵاتانیش ناچارن پابەندی بن بەپێی یاسا.
بەگوتەی تەلار فایەق ئەو داوایەی بەغدا “ناواقیعییە و ناتوانرێ جێبەجێ بكرێت چونكە ناكرێ كارمەندی حكومەتی ناوەندی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەوام بكەن”.
بەپێی ئەو بڕیارە حكومەتی عێراق دەیەوێ كارمەندی سەر بە بەغدا لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی دەوام بكەن، گومرگ و ئاسایشی فڕۆكەخانە و سەرجەم رێكارەكانی دیكە بەدەست بەغداوە بن.
لەبارەی هەمان پرس، مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت رایگەیاند، بە روونی لە بەغدا تێناگەن كە مەبەستی لە وشەی “رادەستكردن” چییە، بۆیە لە رۆژی چوارشەممە 27-9-2017 لەگەڵ هەر دوو بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی لەبارەی چارەسەری ئەو پرسە كۆدەبنەوە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند، لەبارەی هەمان پرس لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق قسە دەكات و هەوڵی چارەسەری كێشەكە دەدەن.