ترێنت فرانکس پرۆژەیەک بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەداتە کۆنگرێس

 
” ترێنت فرانکس” نوێنەرێکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) پرۆژە بڕیارێک بۆ پشتیوانیکردن لەڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پێشکەشی کۆنگرێس دەکات.
ئامانج لە پێشنیازەکەی ” ترێنت فرانکس” کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان بەدەستهێنانی پاڵپشتی کۆنگرێسی ئەمریکایە لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە عێراق، ئەمەش لەسەر بنچینەی ئەو ڕیفراندۆمەی کە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و زۆرینەی کوردستانیان بە بەڵێ دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا.
” ترێنت فرانکس” لەپرۆژەکەیدا نووسیویەتی: “جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی مافە سیاسی و مەدەنییەکان و هەروەها پەیماننامەی نێودەوڵەتی لەبارەی مافە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ئاماژەیان بەوە داوە، هەموو کەسێک مافی بڕیاردانی لەبارەی چارەنووسی خۆی هەیە، بە پشتبەستن بەو مافە ئەوان بە ئازادانە پێگەی سیاسی خۆیان دیاریکرد و، ئازادانە شوێن پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان کەوتوون”.
لە پرۆژەکەدا ” ترێنت فرانکس” نوێنەری کۆمارییەکان لەکۆنگرێس ئاماژەی بەوە داوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەو مەرجانەی تێدان کە بۆ جاڕدانی مافی سەربەخۆیی پێویستن، وەک ( زمان، ئایین، باکگراوندی رەگەزی، مێژوو و کولتوور).
 
هاوکات تیشکی خستووەتە سەر قوربانییەکانی پێشمەرگە و نووسیوویەتی: 2000 پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش گیانیان لەدەستداوە، 9000 پێشمەرگەی دیکە لەم شەڕەدا برینداربوونە و 60 پێشمەرگەش لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکادا بێسەروشوێن بوون.
Back to top button