په‌رله‌مانی عێراقی عه‌ره‌بی بڕیاری ناردنی هێزی دا بۆ كه‌ركووك

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی عێراق 12 بڕیاری لەبارەی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد، کە یەکێکیان ناردنی هێزە بۆ کەرکووک.



خاڵه‌كانی په‌سه‌ند كراو…

1 ـ ئەنجامدانی گشتپرسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستووری نییە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی 1ی دەستووری عێراق كە جەخت لەسەر یەكێتی خاكی عێراق دەكاتەوە.

2 ـ پابەندكردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بە گرتنەبەری سەرجەم رێو شوێنە دەستووری و یاساییەكان لە پێناو پاراستنی یەكێتیی عێراق و هاووڵاتیان و دەركردنی فەرمان بۆ هێزە ئەمنییەكان بە گەڕانەوەو بڵاوبوونەوەیان لە سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان، بە كەركوویشەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پێش 10/6/2014 تێیدا بوون

3 ـ جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە دوایین دانیشتن دەركراون، سەرەڕای بڕیاری بەدواداچوونی دادگایی ئەو كەسانەی بەرپرس بوونە لە جێبەجێكردنی گشتپرسی، لەوانە سەرۆكی دەسەڵاتی هەرێم و دادگاییكردنی بەپێی یاساكانی عێراق و سەرجەم ئەو فەرمانبەرە كوردانەی سەربە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵین.

4 ـ داخستنی ئەو دەروازە سنوورییانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵین و هەژماركردنی كاڵاكانیان بە قاچاخ، داواش لە وڵاتانی دراوسێی عێراق بكرێت رێكاری پێویست بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە.

5 ـ گەڕاندنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی باكوور لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان و سەرپەرشتی كردنیان لەلایەن وەزارەتی نەوت و رێگرتن لە دەستتێوەردانی پارتە دەستڕۆییشتووەكان لەو ناوچانە.

6 ـ گرتنەبەری سەرجەم رێكارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، یاسادانان و دادوەری تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بەبڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووكیشەوە.

7 ـ حكومەتی عێراق سەرجەم باڵیۆزو نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیان لە هەرێم هەیە بانگهێشت بكات و داوایان لێبكات نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەكانیان بۆ دەرەوەی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان بگوازنەوە.

8 ـ داوا لە سەرۆككۆماری عێراق بكرێت بەپێی مادەی 67ی دەستووری عێراق بە ئەركی دەستووری خۆی هەڵسێت، بەو پێیەی سومبولی یەكێتیی نیشتمان و نوێنەری سەروەری وڵات و پارێزەری سەربەخۆیی و سەروەری و یەكێتیی خاكی عێراقە.

9 ـ جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی ئاشتەوایی نیشتمانی لەسەر بنەمای زاڵكردنی ناسنامەی نیشتمانی.

10 ـ كاركردن لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و گرتنەبەری سەرجەم رێگەكان بۆ بە دیهێنانی ئەو ئامانجەو دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان.

11 ـ بەردەوامبوونی سەرجەم فەرمانبەرانی كورد، ئەوانەی بەشداریان لە گشتپرسی نەكردووە، لە سەركار و پۆستەكانیان.

12 ـ پاراستنی پەیوەندییە نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ هاووڵاتیانی كورد بەو پێیەی پێكهاتەیەكی بنەڕەتیە لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق.

Back to top button