پارتی: عەبادی ھەنگاوەكانی دەوڵەتی كوردستان خێراتر دەكات
دوای سەركەوتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان ئێستا حكومەتی عێراق دەستی كردووە بە كۆمەلێك هەڕەشە, ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات كە ھەڕەشەكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دژی كوردستان وادەكات خەڵكی كوردستان سوورتر بێت لەسەر دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان.
نەجات حەسەن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “بڕیار و كاردانەوەكانی عەبادی زۆر سەیر بوون، لە ئەنجامی بێ دەسەڵاتی و نەزانینی خۆیەوە، خەریكە عێراق بەرەو ھەڵدێر دەبات، دواتر ئەم بڕیارەی عێراق تەواو بۆ خەڵكی كوردستانی ڕوون كردەوە كە ئێمە چەند ساڵە لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە ژیاوین، بەڵام دڵنیای ھەموو لایەك دەكەینەوە كە ھەموو جیھان لەگەڵ سەربەخۆی كوردستانە”.
ئەو سەركردەیەی پارتی، ئەوەشی خستە روو كە رەنگە لە داھاتووشدا شێوەی مامەڵەی نوێ لەگەڵ ھەموو جیھان دەست پێ بكات و بەھەموو لایەكەوە كاردەكەین بۆ ئەوەی ببینە وڵاتێكی ئارام بۆ ناوچەكە و ببینە نمونەی پێكەوە ژیان.
ئەوەشی روون كردەوە: “دوای ھێوربوونەوەی بەغدا كار لەسەر ئەوە دەكەین كە چۆن تێیان گەیەنین كە ئێمە لە كوردستانەوە سەردانی وڵاتێكی دراوسێیمان وەك عێراق كردووە”.