ڤالا فەرید: بڕیاراكانی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی یاسا و دەستوورە‌ و ناگاتە هەرێم

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق چەند گوشارێكی بۆسەر هەرێمی كوردستان پەسەند كرد, سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ،  لەرووی یاساییەوە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان دراوە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە‌، لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان هیچ كارێكی پێچەوانەی دەستووری نەكردووە.

(د. ڤالا فەرید) بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، “لەڕووی یاساییەوە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان دراوە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە‌، لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان لە هیچ كارێكی پێچەوانەی دەستوور كاری نەكردووە، ئەوەی دەكرێت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سزادانی گەلی كوردستانە كە مومارەسەی سادەترین مافی خۆی كردووە و ریفراندۆمی ئەنجام داوە و گەل ئیرادەی خۆی سەلماندووە و نایەوێت چی تر لەگەڵ عێراق بێت.”

(د. ڤالا) گوتی، “عێراق دەبێت بێتە ژێر باری ئەوەی ئەو مافە یاساییە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەستووریشە لەسەر ئاستی عێراق و بەپێی یاسای ناوخۆیش هیچ بەربەستێك نیە، بۆیە هەر كاردانەوەیەك پەرلەمانی عێراق بیكات كاردانەوەی نایاسایین و هیچ بنەمایەكی یاساییان نیە و بڕیارەكانیان ناگاتە هەرێمی كوردستان، چونكە بڕیارەكان نە بنەمای دەولیان هەیە نە بنەمای دەستووری و نە بنەمای یاساییان هەیە، بەڵام بڕیاردانی گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ڕیفراندۆم بگرە بنەمای نێودەڵەتی و یاسایی و دەستووریشی هەبوو بۆیە هەرێمی كوردستان تەنیا بەیاسا وەڵامی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە.”

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان گوتیشی، “ئەو بڕیارانەی دەرچووە بە خۆسەپاندن دەرچووە ئەو حوكمی زۆرینەی كە پەرلەمانی عێراق بۆی گەڕاوەتەوە دەیەوێت پیشانی بدات ئەوان دووبارە كاردەكەن لەسەر زەوت كردنی مافی نەتەوەكانی تر كە لەگەڵیان دەژین، یەكێك لەو كارانەی ئەمڕۆ ئەنجامیان دا دیار بوو پێكەوەژیان لەعێراق نەماوە و نایانەوێت هەشبێت، بۆیە لەلایەن زۆرینەی شیعەوە رەتدەكرێتەوە، بەو هۆیەشەوە پەرلەمان دیارە زۆرینەیەكی شۆڤینیی و ڕەگەزپەرستیە بڕیارەكانی كە دەردەچن بەشێوەیەكی ڕەگەزپەرستانەیە و دوور لە یاسا و رێساكان و بنەما نێودەوڵەتیەكان و رێسا دەستوورییەكانیشە.”

Back to top button