عەبادی و بڕیارەکانی.

نیازحاجی
 
بەر لە سێ ساڵ حەیدەر عەبادی بەگوشاری ئەمەریکا و پشتگیری کورد هاتەسەر دەسەڵات ، وە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەمەریکا بەهاوکاری کورد لە چەندین وێستگەدا لەکەوتنی موحەقەق پاراستویانە ، تەواوی ئەو پیلانانەیان شکست پێ هێناوە کە لەلایەن مالیکیەوە لەدژی دادەرێژران .
 
جگە لەوەش ، لەماوەی حکومڕانیەکەیدا ئەمەریکا تەواو هاوکاری بوو ، چەندین سەرکەوتنی پێشکەش کرد لە ئازادکردنەوەی چەندین شار و شارۆچکە لەدەستی داعش کە لەکاتی مالیکی لەدەست درابوون .
لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا حەیدەر عەبادی سیاسەتی گرتنی (دار لەناوەراست)ی پەیرەو دەکرد ، واتا دەستێکی لەناو دەستی ئەمەریکا بوو دەستێکی لەناو دەستی ئێران ، لەگەڵ کوردیش بەهەمان شێوە ، دەستێکی لەناو دەستی کورد بوو دەستەکەی تری لەناو دەستی حەشدی شەعبی .
 
دوای دەستبەکاربوونی تڕەمپ ، یەکێک لەوانەی کە تڕەمپ لە کۆشکی سپی چاوی پێیکەوت ، حەیدەر عەبادی بوو ، لەودیدارەدا یەکێک لە داواکاریەکانی تڕەمپ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بوو !
 
حەیدەر عەبادی لەماوەی چەند مانگی رابردودا سەرەرای گوشارەکانی ئەمەریکا ، خۆی لە جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریەی ئەمەریکا دەدزیەوە .
 
بارزانی خوێندنەوەیەکی زۆر باش و وردی بۆ دۆخەکە هەبوو ، هەر بۆیە لەکاتێکی گونجاودا بڕیاری ئەنجامدانی راپرسی دا ، ئەو دەیزانی ئەگەر ئەمەریکا لەگەڵیشی نەبێ ئەوا دژایەتی ناکات بۆیە گوێی بەهیچ گوشارێک نەدا بۆ دواخستنی .
 
راپرسی کوردستان یەکەم شکسە بۆ عەبادی تۆماردەکرێت لەدوای دەستبەکاربونیەوە ، ئەگەر بەدەستی ئەمەریکاش نەبوبێ ئەوا بەدڵی بووە .
 
ئێستا عەبادی لە دۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێ نابات ، لەلایەک راپرسی کوردستان دوای ئەنجامدانی بەسەرکەوتویی ، واقعێکی نوێ دێنێتە تاراوە ، لەلایەکی تر لە ژێر گوشاری ئەمەریکا دایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ، هەروەها لە ژێر گوشاری پەڕلەمان و نوری مالیکی و شەقامی تەیاردراو دایە لەدژی کورد ، دۆخی دارایی حکومەتەکەی لەوپەری خراپیدایە و زیاتر لە ۱۳٠ ملیار دۆلار قەرزدارە ، داعشیش لە چەندین ناوچە خۆی لێ مەلاس داوە .
بۆیە ئەو هەرەشە و بڕیارانەی کە ئێستا لەدژی کورد دریاندەکات جگە لەوەی لەژورەکەی خۆی زیاتر تێپەڕ ناکات ، هەر هەمویان لە بەرژەوەندی کورد و راپرسیەکەی دا تەواو دەبن .
 
Back to top button