ئێران، هەنگاوی دوای ڕیفراندۆم
ئێران کارتی فشاری نوێی لەبەردەست دا نیە جگە لەو کارتە تەقلیدیانەی کە پێشتر بەکاریهێناون واتا داخستنی دەروازە سنووریەکان کە زیاتر بە زیانی خۆی دەشکێتەوە ئەگەر تورکیا دەروازە سنووریەکانی دانەخات،هەروەها بڕینی ئاوی ئەو ڕوبارانەی سەرچاوەکانیان لە ناو سنووری ئێرانن و دروست کردنی فشاری زیاتر لە ڕێگای حکومەتی عێڕاقی بە هەموو شێوازێک و ڕێکارێک تا دەگاتە هاندان بە بەکارهێنانی هێز.
ئێران وەک کوردستان دەزانێت ئەو ڕێکار و بڕیارانە زیانی دوو لایەنی هەیە و کاریگەریان سنووردارە بۆیە ئێران پەنا دەباتەوە بەر بەکارهێنانی ئەو کارتەی لە چەند ساڵی رابردوو سودێکی زۆری بە سیاسەتەکانی ئێران گەیاندووە و زیانی گەورەشی لە ڕەوشی ژیان و پێشکەوتن و زیاتر بەهێز بوونی هەرێمی کوردستان گرتووە بە تایبەتی لە بەغدا و لە بەرامبەر هێزە شیعیەکان ئەویش کارتی قوڵکردنەوەی ناکۆیە سیاسیە ناوخۆیەکانی نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە کە بەشێکیان کردۆتە هاو ئاوازی هێزە شیعیەکان و بە تایبەتیش ئەوانەی لەگەڵ ئێران خۆیان یەکلاکردۆتەوە.
ستراتیژیەتی ئێران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی هەناردەکردنی شۆڕش بووە و لە بن ئەو دروشمەدا جێگای بۆ دروست کردنی حیزب و گروپ تا دەگاتە میلیشیای سەربازی کردۆتەوە و لە نموونە هەرە دیارەکان حیزبوللای لوبنانی و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێڕاق و حوسیەکان لە یەمەن هەموو ئەوانەش لە ڕێگای سوپای قودس دەکرێ کە باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە و جەنەڕال قاسم سولەیمانی فەرمادەیی دەکات کە ئێستا زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەی ئێران لە سوریا و عێڕاق بەسەر دەبات و بەشێک لەو مانەوانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەڤەری سلێمانی بووە.
ئێران و عێڕاق ئەگەر تورکیا هاوڕایان نەبێ و لە جێبەجێکردنی پیلانەکەیان هاوکاریان نەبێت ئەوە ناتوانن نە خەڵکی کوردستان برسی بکەن و نە هەڕەشەی کوشتن و داگیرکردنەوەی لێ بکەن،تورکیا کە بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەشی لەگەڵ کوردستان زۆر زیاترە لەوەی لەگەڵ عێڕاق و ئێرانی هەیەتی، بۆیە ئەگەر بۆ ئەستۆ پاکی نیشاندانیش بێ بە ئێران و عێڕاق و بۆ موخاتەبەکردنی هێزە تورکە ڕەگەز پەرستەکانی ناو تورکیا و دروست نەبوونی مەترسی ئایندەیی بۆ سەر پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران و عێڕاق ئێستا ئەو هەڵوێستە توندانە نیشان دەدات،ئەوە ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ هاوکار و هاوڕای ئەو دوو وڵاتە بێ و لە کۆتاییدا تورکیا دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی بەرژەوەندیەکانی خۆی و پەیوەندیەکان لەگەڵ کوردستان بەرەو پێشتر دەبات بە تایبەتیش کە ئیستا هەرێمی کوردستان هێزێ و پێگەی دیاری لە سەر نەخشەی وزەی جیهان هەیە.
باشترین ڕێکار لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی ئێران کە لە ساڵانی رابردوو سەلماندویەتی چەقی دروست کردن کێشە و شەڕ و ناکۆکیەکانی نەک تەنها کوردستان تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە،بە لێک نزیک بوونەوەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانە و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە سیاسیانەی کە نەتواندرا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چارەسەر بکرێن.