باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریكا لە عێراق رەخنە لە سیاسەتی وڵاتەكەی دەگرێت بەرامبەر ریفراندۆم
رایان كرۆكەر, باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریكا لە عێراق، ستایشی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی كرد و رایگەیاند، پرۆسەكە بە ئاشتییانە بە رێوەچوو, بەتایبەتیش لە كەركووك, جگە لە خورماتوو, كە رووداوێك لەلایەن حەشدی شەعبی روویدا و دواتریش داوای لێبوردنیان كرد.
لە چاوپێكەوتنێكدا، لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سیی ئێن ئێنی ئەمەریكی، رایان كرۆكەر, رەخنەی لە سیاسەتەكانی ئەمەریكا گرت، كە بەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم پەیڕەوی كردووە و رایگەیاند، هەڵوێستی توندی ئەمەریكا وای كرد بەغدا ئەو بڕیارانەی ئەمدواییە لە دژی هەرێمی كوردستان دەربكات.
گوتیشی: “ئێستا كاتی ئەوەیە ئەمەریكا بێتە سەرخەت و چارەسەری كێشەكان بكات”.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بەرامبەر كوردستان, رایان كرۆكەر گوتی: “بە رای من توركیا راستە هەڕەشە دەكات، بەڵام ئەستەمە جێبەجێی بكات”.
دووپاتیشی كردەوە، ئەوەی مەترسی گەورە بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئێرانە، كە دەیەوێت كێشەی بۆ درووست بكات.
كرۆكەر جەختیشی كردەوە، كورد میللەتێكە ناترسێت و ئەگەر وڵاتانی هەرێمی دەیانەوێت كورد بترسێنن، ئەوا كورد ئەوە نییە كە بە ئاسانی بترسێت.
رایان كرۆكەر، دیپلۆماتكاری دیاری ئەمەریكایە و پێشتر لە ساڵانی نێوان 2007 بۆ 2009، باڵیۆزی ئەمەریكا بووە لە عیراق.