کۆسرەت رەسول: ئومێدی زۆرمان بە دۆست و هاوپەیمانانمان هەیە
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی هاوپەیمانان کۆبووەوە و رایگەیاند “بۆ ئێستا و ئایندەمان ئومێدی زۆرمان بە دۆست و هاوپەیمانانمان هەیە”.
رۆژی پێنجشەممە 28-9-2017، كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری هەولێر پێشوازی لە بێرنارد كۆشنەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و پیتەر گالبرێت، جەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمریكی، كاریس ستانسفید، برێندن ئۆلێری و ئەدریانۆ سۆفری کرد.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی رۆژنامەڤانی کۆسرەت رەسول، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان و هەنگاوەكانی دوای پرۆسەكە كرا و هەردوولا پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەكەیان لە گەلی كوردستان كرد و ئومێدی ئایندەیەكی گەشتریان خواست.
کۆسرەت رەسول، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی سەرجەم دۆست و هاوپەیمانانی گەلی كوردی كرد كە لە قۆناخە سەختەكاندا هاوكار و پاڵپشت و پشتیوانی گەلی كورد بوونە و راشیگەیاند “بۆ ئێستا و ئایندەمان ئومێدی زۆرمان بە دۆست و هاوپەیمانانمان هەیە”.
تەوەرێكی دیکەی گفتوگۆكان تایبەت بوو بە قۆناخی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەمڕووەوە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بكرێتە بنەمای دیالۆگی نێوان لایەنەكان.
لەكۆتایی دیدارەكەدا ئامادەبووان بەوردی باسیان لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناوچەكە و رۆڵی پێشمەرگە تێیدا كرد و “بەگرنگیانزانی هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لەنێوان هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەدا هەبێ بەئامانجی زۆرتر لەناوبردنی تیرۆریستان”.