مەحموود عوسمان: پەرلەمانی عێراق بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ

دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بریارێكی دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد, سیاسەتمەداری كورد (د.مەحموود عوسمان) لە وەسفی پەرلەمانی عێراقدا كە لە ئێستادا سزای سیاسیی بۆ كوردستان دەردەچوێنێ و هەڕەشە لە خەڵكی كوردستان دەكات دەڵێ، پەرلەمان بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ.

سیاسەتمەداری كورد (د.مەحموود عوسمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە باسی پەرلەمانی عێراقدا دەڵێ، “پەرلەمان بووەتە ئەنجوومەنی جەنگ و بڕیارە توندە نایاساییەكانی لێوە دەردەچێ، ئاخر ئەمە چ رەوایەتییەكە كە حكوومەتێك لەو پەرلەمانە بێ و داوا لە وڵاتانی دراوسێی خۆی بكات و هانیان بدات كە گەلەكەی سزا بدات.”
كورد لە دوای ٢٠٠٣ـوە بەگوێرەی شرۆڤەكارانی نێودەوڵەتی بەغدایان فێری حوكمرانی كرد بۆ شەراكەت و دیموكراسی و پێكەوەژیان، بەڵام زۆری نەبرد كاربەدەستانی بەغدا كەوتنە دژایەتی هەرێمی كوردستان و جارێكی دیكە بۆ نیەتی رژێمەكانی پێشووی عێراق گەڕانەوە و دەستیان كرد بە ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان.

(د.مەحمود عوسمان) دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ستەمكردنی رژێمەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان كە ١٠٠ ساڵە رژێم لە دوای رژێم دێ و كورد دەچەوسێنێتەوە و هەموویان رەگیان لە شۆڤینییەوەیە، بۆیە ئەوانەی ئێستایش لەو رەگە شۆڤینییەوە دێن كە بەشێكی سوونە و شیعە لەسەری رێككەوتوون كە دژایەتی كوردستان بكەن.
سەرنجی شارەزایان لەسەر ئەوەیە كە بۆچی بەبێ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەغدا لە پەرلەماندا بڕیار دەردەكات، (مەحموود عوسمان) دەڵێ، لەبەر ئەوەی كە ئەو بڕیارانە سرووشتی نین و دەستی سیاسین و دەیانەوێ بە ئاشكرا دژایەتی كوردی پێبكەن، سەیر لەوەدایە هیچ كامێك لەو بڕیارانە دەستووری و یاسایی نین، بۆیە تا بە مەرامێكی سیاسی گوشار بخەنە سەر هەرێمی كوردستان، جا نازانرێ لە داهاتوودا جێبەجێی دەكەن یان تەنیا بۆ مەرامی سیاسی بەكاری دێنن.

Back to top button