شەممە پەرلەمان كۆدەبێتەوە كۆمەڵ بەشدار دەبێت و گۆڕان بڕیاری نەداوە
دوای ئەوەی بڕیاردرا ڕۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٧ پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەعفەر ئیمینیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە , كۆمەڵی ئیسلامی بریاری دا كە لە كۆبوونەوەكە بە شدار بێت, بەڵام تائێستا بزووتنەوەی گۆران بڕیاری بەشداری كردنی نەداوە.
مەڕوان گەڵاڵی سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵ ڕایگەیاند “بڕیارە فراكسیۆنەكەمان بەشداری پەرلەمانی كوردستان بكاتەوە و سەرجەم ئەندامەكانیشمان بەشدار دەبن”.
هەورامان حەمە شەریف لە فراكسیۆنی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەداوە “تا ئێستا لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سكرتێری پەرلەمان كەلە ئێستادا لای یەكێتییە، جارێ هیچ بڕیارێك نەدراوە و رۆژی شەممە لەكۆبوونەوەكەدا ئەو پرسەش یەكلایی دەبێتەوه”.
هاوكاتی د.شێركۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاندوە “تائێستا هیچ بڕیارێك نیە بۆ بەشداریی كردنەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لەدانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتاییمان نەداوەو كۆبوونەوەكانیشمان لەسەر ئاستی ناخۆیی فراكسیۆنەكە و لەسەر ئاستی بزووتنەوەكەش بەردەوامه”.
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ئەمرۆ پێنجشەممە 28ی ئەیلولی 2017، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ دیاریكردنی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەو بڕیاریاندا رۆژی شەممەی داهاتوو 30-9-2017 پەرلەمانی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەكانی بەغدا كۆببێتەوە.