نووسه‌ر و توێژه‌رێكی دیاری ئێران نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی سیستانی ده‌كات له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی

نووسه‌ر و توێژه‌رێكی ناسراوی ئێرانی نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی ده‌كات وه‌ك مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌عێراق داوای لێده‌كات، پشگیری له‌ خواستی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكات و ده‌لێـ” ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی هه‌ر رووده‌دات، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ كورده‌كان له‌ژێر ده‌ستی سه‌دام حوسێن 180 هه‌زار كه‌سیان لێ ئه‌نفاڵ كراوه‌، هه‌له‌بجه‌ به‌ كیمیاباران كراوه‌ له‌لایان سه‌دام بۆیه‌ عه‌بادی له‌سه‌دام به‌هێز تر نیه‌، ئه‌وه‌ی سه‌دام كردی عه‌بادی پێی ناكرێت، بۆیه‌ پشگیری له‌ مافی كورد بكه‌”.

 

سادقی زیباكه‌لام، نووسه‌ر و توێژه‌رێكی ناسراوی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ نامه‌كه‌ی دا كه‌ بۆ سیستانی ناردوویه‌تی ده‌نووسێـ”دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان شتێكه‌ هه‌ر رووده‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێت، به‌ڵام به‌یانی هه‌ر رووده‌دات، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ رۆژی چاره‌نووسی عێراقه‌، دوا رۆژی په‌یوه‌ندی نێوان كوردستان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌مڕۆوه‌ هه‌یه‌ ده‌شڵێت: ” به‌كارهێنانی هێز، یان هه‌ڕه‌شه‌كردن، یان ئابلۆقه‌ی ئابووری، یان داخستنی سنووره‌كان، هه‌ر شتێكی دیكه‌، ته‌نها ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خواست و سووربوونی كورد له‌سه‌ر داوای سه‌ربه‌خۆیی زیاتر بێت”.

سه‌باره‌ت به‌ دووبه‌ره‌كی نێو موسڵمانانیش، زیباكه‌لام له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “ئیستیعمار و كۆلۆنیالیزم دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان موسڵمانان درووست نه‌كردووه‌، به‌ڵكو خۆیان له‌ بنچینه‌وه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و دووبه‌ره‌كییانه‌ن، بۆیه‌ من هانی شیعه‌كانی عێراق و په‌یڕه‌وانی ئێوه‌ ده‌ده‌م له‌ ئێران، رێز له‌ خواسته‌كانی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان بگرێت، كه‌ زیاتر له‌ 180 هه‌زار قوربانی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌دام حوسێن داوه‌، تووشی جینۆساید بووه‌ و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كیمیاییباران كراوه‌ هه‌روه‌ها ده‌شلێـ”حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌ سه‌ددام حوسێن به‌هێزتر و به‌ تواناتر نییه‌ و ناتوانێت هێنده‌ی ئه‌ویش توندوتیژی دژی كورد به‌كاربهێنێت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “تاوانباركردنی كورد به‌ جوداخوازی له‌ ده‌وڵه‌تی به‌ناو عێراق شتێكی بێمانایه‌، چونكه‌ نه‌ عێراق، نه‌ سووریا، نه‌ ئه‌رده‌ن، نه‌ فه‌له‌ستین، نه‌ لوبنان و وڵاتانی دیكه‌، كه‌ پێیان ده‌گوترێت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هیچ پاشخانێكی مێژووییان نییه‌، عێراق به‌شێك بوو له‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی پێش 500 ساڵ”.

له‌ به‌ شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، پێشتریش بۆ ماوه‌ی 700 ساڵ عێراق  به‌شێك بووه‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی و ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆرییه‌تی ئیسلامی، هه‌روه‌ها ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی، كه‌واتا عێراق پێش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می مێژووبێت، به‌رهه‌می سایكس پیكۆیه‌ و له‌ دوای جه‌نگی جیهان یه‌كه‌م درووست بووه‌.

له‌ كۆتایی نامه‌كه‌شی دا سادقی زیباكه‌لام داوایه‌ك ئاراسته‌ی سیستانی ده‌كات  و له‌ داواكه‌ی دا ده‌لێـ” داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌م پشتگیری له‌ خواسته‌ مێژووییه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ن”.

Back to top button