له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ وه‌ڵامی فشار و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌غدا ده‌درێته‌وه‌ و سكرتێری په‌رله‌مانیش ده‌گۆڕدرێت

پەرلەمانی كوردستان له‌ باره‌ی فشار و گووشاره‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌مڕۆ كۆدەبێتەوە و وەڵامی بڕیارەكانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق دەداتەوە كە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەریانكردون، ھەروەھا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.

به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یی كاره‌ی كه‌ كۆپیه‌كی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌ تێیدا هاتووه‌” كه‌ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كورستان ئەمڕۆ تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش وەڵامدانەوەی دوایین بڕیار و ھەلوێستی ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەتی عێراق دەبێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە وەك كاردانەوە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، پەرلەمان وحكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكیان دژی ھەرێمی كوردستانداوە، لە یەكەم ھەنگاویشدا دوێنێ 29/9/2017، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ھەر لە كۆبوونەوەی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیار وایه‌” دەست لەكاركێشانەوەی (فەخرەدین قادر) سكرتێری پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە و ھەروەھا تاوتوێی ئاڵوگۆڕی لیژنە ھەمیشەییەكانی پەرلەمان بكرێت.

جگە لەوەڵامدانەوەی بەغدا بڕیاریشە پەرلەمانی كوردستان چەند پرسێكی تایبەت بە كاروباری داھاتووی پەرلەمان تاوتوێ بكات، وەك لە بەرنامەی كاری پەرلەمان ھاتووە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

Back to top button