حكومه‌تی هه‌رێم: حكومه‌تی عێراق گفتوگۆ ره‌دده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌شی كه‌ داویه‌تی سیاسین

له‌ پای جێبه‌جێكردنى بڕیارى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌، سه‌فین دزه‌یى گوته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕاگه‌یەندراوێكدا وه‌ڵامى نووسینگه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقی دایه‌وه‌.

 

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ كه‌ كۆپیه‌كی بۆ (خواكوڕك) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌” كه‌ ئەو بڕیارە و پێداگیرییه‌ لەسەر ئەو پێشێلكارییە یاسایی و مرۆییەى بەرامبەر گەلی كوردستان دەیكات بە بیانووی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدرالیی عێراق، لە كاتێكدا فڕۆكەخانه‌كانى هه‌رێم له‌ دروستكردنیانەوە تا ئێستا به‌پێى دەستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق كاریان كردووه‌ و چه‌ندین ده‌ستخۆشى و سوپاسنامه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانیى مه‌ده‌نیى عیراق وه‌رگرتووه‌ و شانازییان پێوه‌ كردووه‌، به‌رده‌وامیش تیمه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاودێرى سه‌ردانى هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌”.

 

ده‌قى ڕاگەیەندراوەکە:-

ده‌رباره‌ى به‌یاننامه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌:

1/جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ سزادانێكی بەكۆمەڵ و ئابلووقەدانێكی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان و پێداگیرییه‌ لەسەر ئەو پێشێلكارییە یاسایی و مرۆییەى بەرامبەر گەلی كوردستان دەیكات بە بیانووی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدرالیی عێراق، لە كاتێكدا فڕۆكەخانه‌كانى هه‌رێم له‌ دروستكردنیانەوە تا ئێستا به‌پێى دەستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق كاریان كردووه‌ و چه‌ندین ده‌ستخۆشى و سوپاسنامه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانیى مه‌ده‌نیى عیراق وه‌رگرتووه‌ و شانازییان پێوه‌ كردووه‌، به‌رده‌وامیش تیمه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاودێرى سه‌ردانى هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌.

2/ئەم بڕیارە دەبێته‌ ڕێگر لە چوونی بەردەوامی نه‌خۆش و پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی داعش بۆ چارەسەری بۆ دەرەوە و هەندێكیان پێویستییان بە چاودێریی پزیشكیی بەردەوامە، چەندین ڕێكخراوی مرۆییش كە یارمەتیی ئێزدییانى قوربانیی دەستی داعش و ئاوارەیان دەدا، ناچار بوون كوردستان جێ بهێڵن، سەدان خێزانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە كورد و مەسیحی و عەرەبی سوننە كە په‌ڕاگه‌نده‌ى وڵاتان بوون، ناتوانن سەردانی یەكتر بكەن و به‌یه‌ك بگه‌نه‌وه‌.

3/ئەو بڕیارە ڕێگە لە كاری هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە بازرگانی لەگەڵ دەرەوە دەكەن و مافێكی بنچینەییی مەدەنی و مرۆییی خەڵكی كوردستان پێشل دەكات له‌ جووڵه‌ و هاتوچۆ و گه‌شتكردنێكى ئاسان و ئاسایی، مافێك كه‌ یاسا و ده‌ستوورى عێراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مەدەنی و سیاسى، بۆ هەموو كەسێكیان زامن كردووه‌.

4/ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوامان لە حكوومەتی عێراق كرد كە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق دابنیشن و هەر لێكنەگەیشتنێك هەبێت چارەسەری بكەن، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانیشتنی ڕەت كردووەتەوە، چونكه‌ هیچ كێشه‌ و لێكنه‌گه‌یشتنێكى وا له‌ئارادا نییه‌ و بڕیاره‌كه‌ ته‌واو بڕیارێكى سیاسییه‌.

5/ئێمە دووباره‌ داوا لە حكوومەتی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەكەین ئەو سزادانە بەكۆمەڵە و ئەو بڕیارە سیاسییە نادەستوورییە ڕابگیرێت و حكوومه‌تى عیراق ئەوەش نەخاتە پاڵ سزادانە داراییە چوار ساڵییەكەی ڕابردووی بەرامبەر بە گەلی كوردستان كە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا توانی گەورەترین بەرگری بەرامبەر هێرشی داعش ئەنجام بدات و تێكیبشكێنێت و هەرێمی كوردستان لەو شەڕه‌دا گەورەترین یارمەتی پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى عێراق و سووریا كرد كه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆنیان وه‌ك په‌نابه‌ر و ئاواره‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، پێشمه‌رگه‌ى كوردستانیش ئه‌وپه‌ڕى هاوكاریى سوپای عێراقی كرد.

سه‌فین دزه‌یى

وته‌بێژى فه‌رمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

29/9/2017

Back to top button