وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی هیچ كه‌سێكی ناكه‌ین 

ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد له‌ وتاره‌كه‌ی دا رایگه‌یاند”حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرجیی مانگانە و ساڵانەی بۆ فڕۆکەخانەکانی کوردستان تەرخان دەکات، مانگانەش تەواوی داهاتەکانیان کەمترە لەو خەرجییەی کە پێشکەشیان دەکرێت. داهاتەکانمان بە ئاشکرا بڵاو کردووەتەوە و داوامان لە دیوانی چاودێری دارایی کردووە. هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی پابەندی چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی بوون. تا ئەو دەسەڵاتە عێراقییە ڕێگەی بە فڕۆکەیەک نەدابێت، هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لە فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە جموجۆڵ بکات یان بێت و بچێت”.

 

مەولود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان”ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی فڕۆکەخانەکان بە شێوەیەکی فەرمی بەوان نەگەیشتووە و تەنانەت بە تەلەفۆنیش پێیان نەگوتوون. گوتیشی: “ئێمە بڕیارمان دا پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بکەین، لە ئەنجامی گفتوگۆکان گەیشتینە ئەم بڕیارە، بڕیارەکە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. بەغدا تەنیا پێیان گوتووین کە ئیشەڵا خێر دەبێت، وەزیری گواستنەوەی عێراق داوای لێبووردنی بۆ کردین کە بڕیارەکە پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە هەیە”.

هه‌روه‌ها مولود باوه‌موراد ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد بەپێی بڕیارە تازەکە، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ (بەغدا و نەجەف و بەسڕە) ڕاناگیرێن. ئەوانەی باسی گەشتی ئاسمانی بۆ بابەتی مرۆیی دەکەن، ئەوە هەر هیچ نییە و تەنیا قسەیە. گوتیشی: “لەبارەی جموجۆڵی فڕۆکەی سەربازی کە ساڵی ڕابردوو 18 هەزار فڕینی فڕۆکەمان هەیە، بەردەوام دەبێت، هه‌روه‌ها گوتیشی”بڕیارەکانی بەغدا لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی ڕێکخراوەکانی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی ناگونجێت و بڕیارەکە هیچ پشتیوانییەکی یاسایی نییە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەغدا دەست بۆ هەرچییەک ببات، بەقەد بابەتی فڕۆکەخانەکان بۆی جێبەجێ ناکرێت، چونکە کۆنتڕۆڵی هەردوو فڕۆکەخانە لەلایەن بەغداوەیە، بۆیە دەستیان بۆی برد، ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوانەی زیان لە بڕیارەکە دەکەن، زۆرتر نەخۆش و بریندارانی پێشمەرگە و سەربازن، نموونەشی بەوە هێنایەوە کە لە ماوەی مانگەکانی 8 و 9ی ئەمساڵدا زیاتر لە 18 هەزار پێشمەرگە و سەربازی بریندار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان کردووە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئاوارەکان زۆرتر زیان لەم بڕیارە دەکەن، چونکە خۆراک و یارمەتییەکانیان لەو فڕۆکەخانانەوە بۆ دێت“.

لە کۆتاییشدا وەزیری گواستنەوەی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهیچ شێوەیەک قەبوڵ ناکەن هیچ کەسێک، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، لە عێراقەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بێت و باسی لەوە کرد کە هەر کەسێک بنێردرێتە کوردستان، ”لە هۆتێل (دیڤان) میوانی کوردستان دەبێت تا ئەوکاتەی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا کۆتایی دێت“. بۆیە داوای لە لایەنی عێراقی کرد: ”شەڕی ئیرادەمان لەگەڵدا نەکەن باشە، ماڵوێرانی زۆرمان دیوە، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەکانیان داخستین، هیچ شتێکیان دەست ناکەوێ، ئێمە بەبێ فڕۆکەخانەییش هەر گەل بووین و هەر گەل دەبین“.

Back to top button