بێشكچی: توركیا و ئێران بە ناچاری دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا دەنێن
دوای سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان, لە ئێستادا بە شێوەی جیاجیا پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكرێت, لە بەرامبەریشیدا عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەردەوامن لەسەر هەڕەشكانیان, نوسەرێكی ناوداری توركیش رایدەگەیەنێت:” ئێران و توركیا بە ناچاری دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا دەنێت”
ئیسماعیل بێشكچی نووسەری ناوداری توركیا، لە تازەترین دیمانەیدا رەخنە لە حكوومەتی توركیا دەگرێت بەوەی بۆچی توندە بەرامبەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی؟ ئەو دەڵێ كە تۆ كێشەی كوردت لە وڵاتی خۆت چارەسەر نەكردووە، چیت داوا لە وڵاتێكی تر. دووپاتیشی دەكاتەوە كە ئێران و توركیا ناچارن دان بە سەربەخۆییدا بنێن.
بێشكچی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (DW)ـی توركی، رەخنە لە حكوومەتی توركیا دەگرێت بەوەی بۆچی دەڵێ دان بە ریفراندۆم دانانێم؟
ئەو دەڵێ “ئێران و توركیا و سووریا زۆر هەڵەن كە بەو شێوەیە دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانن بۆ سەربەخۆیی، چونكە ئەوان كێشەی كوردیان لە وڵاتی خۆیان چارەسەر نەكردووە، كەچی دەست تێوەردەدەنە كێشەی كورد لە وڵاتێكی تر”.
بێشكچی بە گرنگییەوە باس لە ئیرادەی میللەتی كورد دەكات و دەڵێ ریفراندۆم سەركەوتنێكی گەورە بووە. هەروەها ئەو كەسانەیشی چوونە سەر سندوقی دانگدان و بە بەڵێ دەنگیان دا، دەنگەكانیان بۆ نەوەی داهاتوویان بووە و گوتیان ئێمە خۆمان قەدەری خۆمان دیاری دەكەین نەك وڵاتێكی تر بۆمان دیاری بكات.
هەروەها ئەوانەی دەڵێن ئەو ریفراندۆمە شەرعییەتی نییە، بێشكچی پێیان دەڵێ دەبێت بە جوانی بیر لەو وشەیە بكەنەوە و ئەو كات بیدركێنن. ئەو دەڵێ ئەو كاتەی كورد كیمیاباران كرا، دنیا بێدەنگ بوو و تاكە وڵات ئیسرائیل بوو كە لە تەلئەبیب رێپێوان دژی ئەو كۆمەڵكوژییە كرا، ئەی بۆ ئێستە هەمووتان هاتوونەتە دەنگ؟
بە لای بێشكچییەوە، لەبەرئەوەی ئێران و توركیا نەیانتوانیوە كێشەی كورد لە وڵاتەكەی خۆیان چارەسەر بكەن، بۆیە نایانەوێت لە عێراق چارەسەر بكرێت، چونكە دەترسن كوردانی توركیا و ئێرانیش داوای هەمان ماف بكەن.
ئەو نووسەرە گەورەیە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایە كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەموو ئەو وڵاتانەی دژی ریفراندۆم وەستانەوە، بە توركیا و ئێرانیشەوە دانی پێدا دەنێن، چونكە بەشداریكردنی ئەو خەڵكە بەو رێژە زۆرە و هەموویان بڵێن سەربەخۆییمان دەوێت، ناتوانرێت فەرامۆش بكرێت.
لە بەشێكی تری دیمانەكەدا، بێشكچی پێشتر پێی وا بووە كە بەریتانیا و فەڕەنسا یەكەم وڵات دەبن دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێن، چونكە لە 1920 ئەوان بوون كوردستانیان بەسەر 4 وڵاتدا دابەش كرد، بەڵام بەداخەوە ئەو 2 وڵاتە ئێستەش پەشیمان نین بەو كردارەی كردوویانە.
بۆیە دەڵێ “فەرەنسا و بەریتانیا دەڵێن ئێستە كاتی نییە، ئەی كەی كاتیەتی؟ دیارە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان عێراقێكی مەزهەبی و رەگەزپەرست حوكم بكات نەك عێراقێكی دیموكرات”.