شارەزایەكی نێودەوڵەتی: كوردستان بنەمای دەوڵەتی هەیە و ریفراندۆمەكەیان یاسایی بوو

دوای سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان, ریفراندۆم وەك مژارێك بووە تە جێی باسی میداكارو شارەزایانی بواری یاسایی دونیای دەرەوەو ناوخۆی كوردستان و عێراق, شارەزایەكی نێودەوڵەتیش رایگەیاندووە :” ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان یاسایی بووە و مافی گەلانیش پشتگیری لێ دەكات، كوردستانیش بنەما سەرەكییەكانی دەوڵەتی دەستەبەر كردووە”.

ئەیمەن سەلامە شارەزا و مامۆستای یاسای گشتیی نێودەوڵەتی لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی كەناڵی (ئەلحوڕە)ی عەرەبی، دووپاتی كردەوە كە ئەو ڕیفڕاندۆمەی لە كوردستان بەڕێوە چوو و لە ئاكامدا %92 دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بیرۆكەی مافی گەلان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان پشتیوانی لێ كراوە.

ئەو شارەزایە دەڵێ كوردستان سێ بنەمای دەوڵەتبوونی هەیە كە بریتین لە گەل و خاك و حكوومەت. ئاماژە بەوەش دەكات كە مافی چارەی خۆنووسین لە بەشی یەكەمی كارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەڵێننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكاندا ئاماژەی پێ دراوە.

هاوكات ئەیمەن سەلامە روونی دەكاتەوە كە دادگەی دادوەری نێودەوڵەتی لە لاهای لە كاتی ڕاوێژ پێكردنی لە بارەی پرسی نامیبیا و بیابانی ڕۆژئاواوە پشتگیری لەوە كردووه.‌

سەلامە روونیشی دەكاتەوە كە مافی گەلان لەبارەی چارەی خۆنووسین قەدەخە نییە، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە ئەنجوومەنی ئاسایش بریارێكی دەركردبێ و ڕێ نەدات ئەو ڕیفڕاندۆمە بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت. ئەوەش دەڵێ لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستانەوە ئەو شتە ڕووی نەدا، چونكە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تەنیا ڕاگەیەنراوێكی میدیایی بڵاوكردەوه .

ئەیمەن سەلامە ئاماژە بەوەش دەكات كە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەهای یاسایی بۆ دان پێدانانی نێودەوڵەتی لەبارەی پرسی دامەزراندنی دەوڵەتەوە، بیروڕای جیاجیان هەیە، ئاماژە بەوەش دەكات كە ڕەنگە هەنگاوی دادێی هەولێر ڕاگەیاندنی دەوڵەت بێت.‌

Back to top button