یەكێتی زانایان بە توندی وەڵامی وتاربێژی مزگەوتی تاران دەداتەوە

دوای ئەوەی لە وتاری هەینی وتاربێژی مزگەوتی تاران پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی بە جێبەجێكردنی پڵانی ئیسرائیل لە كوردستان ناوبرد, لە وەڵامدا دكتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بە توندی وەڵامی ئایەتوڵڵا كاشانی، وتاربێژی كاتی تاران دەداتەوە، كە ریفراندۆمی بە پیلانی ئیسرائیل ناوبردووە.

سەرۆكی یەكێتی زانایان لە چوار خاڵدا وەڵامی كاشانی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، بە داخەوە ئەو جۆرە قسە نالۆژیكیانە لەلایەن كەسانێكەوە دەكرێن، كە خۆیان بە پیاوانی ئایینی و نوێنەرانی موسڵمانان دەزانن.

دەقی وەڵامی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاییینی ئیسلامی كوردستان، بۆ وتاربێژی كاتی تاران:

یەكەم: بە تێڕوانینی ئێمە مزگەوت شوێنی فێربوونی رەوشتی بەرزی راستگۆیی و هەقانیەتە، شوێنی دوورخستنەوەی مسوڵمانانە لە درۆو بوختانكردن، كەچی كاشانی مزگەوت و رۆژی هە‌ینی بەكارهێناوە بۆ بوختانكردن بە گەلێكی مەزڵوم و بێبەشی وەكو كورد، بەبێ ئەوەی كەمترین بەڵگەی بەدەستەوە بێت و دڵنیاش بن هیچ بەڵگەیەكی لەو بارەوە چنگ ناكەوێت، ئەمەش مانای وایە رۆژی هەینی كردۆتە دەروازەیەك بۆ هەشەڕەشەو پیلانگێڕی.

دووەم: ئێمە لە ئیسلامەوە فێربووین پێویستە شوێن و پێگە ئایینیەكان بۆ ئیسڵاح و چاكسازی و ئاشتەوایی بەكاربهێندرێن، تا ئەگەر شەڕیش دروست بوو، فەرمانی قورئان چاندنی ئاشتەواییە وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (ۆإِنْ گَائِفَتَانِ مِنَ الْمُۆْمِنِینَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَیْنَهُمَا فَإِنْ بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَڵی الْأُخْرَی فَقَاتِلُوا الَّتِی تَبْغِی حَتَّی تَفِی‌وَ إِڵی أَمْڕ اللَّهِ فَإِنْ فَا‌وَتْ فَأَصْلِحُوا بَیْنَهُمَا بِالْعَدْلِ ۆأَقْسِگُوا إِنَّ اللَّهَ یُحِبُّ الْمُقْسِگِینَ)، بەڵام ئەو قسانەی ئایەتوڵا رێك بە پێچەوانەوە كردنەوەی دەرگای فەتنەو خوێنڕشتنە لە نێوان مسوڵمانان، هەمووشمان دەزانین فیتنە لە كوشتن گەورەترەك وەك خوای گەورە دەفەرمووێت: (ۆالْفِتْنَەُ أَكْبَرُ مِنَ الْقَتْلِ).

سێیەم: ئەوەی زیاتر ئێمەی نیگەران كردووە، هەمیشە كەسانێك لە بەرگی ئایینییەوە دێن كورد بە ئیسڕائیل تۆمەتبار دەكەن، بەمەش خەڵكی سادەو ساویلكەی خۆیانی پێ چەواشە دەكەن، ئەگینا ئیسرائیل چ پەیوەندییەكی بۆ دۆزی گەلی كوردەوە هەیە؟ ئێمە سەد ساڵە دەچەوسێینەوە. پێش ئیسرائیل و دوای ئیسرائیلیش كێشەی كورد و كوردستان هەبووە. دوای ئەوەش مەگەر ئیسرائیل ئێمەی ئەنفال كرد؟ مەگەر ئیسرائیل كیمیابارانی كردین؟ ئیسرائیل گەنجەكانمان لە سێدارە دەكات؟ ئیسرائیل وڵاتێكی ئێمەی كردە خاكی سووتاو؟ ئیسرائیل هیچ قازانج و زیانی بۆ ئێمە نییە. بەڵام ئەوە نیفاق و دووڕوویی ئێوەیە. ئەگەر ئێوە ڕقتان لە ئیسرائیلە لەبەر ئەوەی خاكی فەلەستینی داگیر كردووە، ئەدی بۆ خۆتان خاكی ئێمەتان داگیر كرد؟ ئەدی بۆ دیفاع لە داگیركەر دەكەن و بوونەتە پشتیوانی داگیركەرێكی دیكە و دژی میللەتێكی مەزڵوم دەوەستنەوە؟.

چوارەم: ئێوە خۆتان مامەڵەی ژێربەژێرتان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵام ئێمە تا ئەم ساتەش میللەتێكی مەزڵومین و سوپاسی هەر كەسێكیش دەكەین هاوكارمان بێت بۆ لاچوونی ئەو زوڵمە لەسەر مان. چاوەڕێی ئەوەشمان لە ئێوە دەكرد كە پەیامی خوا و پێغەمبەر بەجێ بگەیەنن و هاوكاریی مەزڵومان بكەن، نەك پیلان لە دژی ئێمە بگێڕن. ئەوە دەری خست كە ئێوە دین تەنها بۆ خزمەتی سیاسەتی خۆتان بەكار دەهێنن.

پێنجەم: ئێوە وڵاتی خۆتان هەیە، چ پەیوەندییەكتان بە دەوڵەتێكی ترەوە هەیە، ك بەم شێوەیە ڕێگا بە خۆتان دەدەن پەلاماری ئێمە بدەن؟ بۆ تەدەخول لە كاروباری وڵاتانی تر دەكەن؟ بۆ دەتانەوێ ئیرادەی میلەتی ئێمە داگیر بكەن؟

شەشەم: شەرمەزارییە بۆ ئێوە كە لە جیاتی ئەوەی ڕێگە نەدەن میلەتی خۆتان بچەوسێتەوە، كەچی خۆتان بەشدارن لە چەوساندنەوەی میللەت و دەتانەوێ میلەتانی تریش دەستەمۆی سیاسەتی خۆتان بكەن. زیندانەكانی ئێووە پڕن لە خەڵكی بێ گوناه و گەنجان لە سێژارە دەدەن.. بۆیە مافی ئەوەتان نییە باسی میلەتی ئێمە بكەن، بەتایبەتی لە بەرگی ئاینییەوە خۆڵ لە چاوی خەڵك بكەن.

لە كۆتاییشدا سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاییینی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: “هیوادارین دام و دەزگا ئایینییەكانی وڵاتان دووركەونەوە له خۆقورتاندن لە كاروباری ئێمە، ئەگەر دەتوانن قسەیەكی خێر بكەن، بەتایبەتی ئێمە چاوەڕوان بووین دەنگێكی بەزر بن لە مەزڵومیەتی ئێمە، كە حكومەتەكانی عێراق بەوەی ئێستاشیانەوە نان و ئاوو هەواو هەناسەشیان لە ئێمە داگیركردووە”.

Back to top button