عەللاوی داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات شاندێك بۆ دانوستاندن بنێرێت
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق چەند جارێك لەسەر ئاستی سەركردە بالاكانیان گفتوگۆیی نێوا عێراق و كوردستانی رەتكردۆتەوە, بەڵام لە ئێستادا سەركردەیەكی باڵای عێراق نامەیەك بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەنێرێت داوای زەمینە سازی و نێوەندگیری كوردستان و عێراق دەكات.
ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات شاندێك بۆ دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا بنێرێت و دەڵێت: عێراق هێشتا ئەندامێكی دامەزرێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانە، بۆیە ئەوان دەتوانن باشتر چاودێری رێككەوتنێكی عێراقی بكەن و بەشداریكردنی ئەوان بۆ دەرچوونە لەو دەستوەردانە هەرێمییەی لە كاروباری عێراقدا هەیە”.
ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی، ئێوارەی رۆژی شەممە 30-9-2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن نێوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەی ئاشكراكرد و گوتی: “دوێنێ نامەیەكمان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە، ئەمڕۆش نامەیەكی دیكەم بۆ نارد، نامەیەكیشم بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ناردووە و ئەمڕۆ نامەكەی بەدەست گەیشتووە، هەردوو نامەكەشم بەدەست حەیدەر عەبادی گەیشتوون، هیوادارین رەوشەكە ئارامبێتەوە و گفتوگۆیەكی راستەقینە بكەین”.
لەبارەی وەڵامی بارزانیش بۆ دەستپێشخەرییەكە عەللاوی گوتی: “وەڵامی بەڕێز مەسعود بارزانی باسی لە گفتوگۆیەك كرد بۆ ماوەی رەنگە دوو ساڵ، بۆیە ئێمە بەردەوامین لەو هەوڵانەی خۆمان، پێویستە هەوڵەكان بۆ ئارامكردنەوە بەردەوامبن و دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت، دەمانەوێت دەرەچەیەكی باش بۆ هەموو لایەنەكان بدۆزینەوە بەبێ هیچ سازشێك”.
لەبارەی نێوەڕۆكی نامەكانیش گوتی: “من لە نامەكەدا پێشنیازم كردووە پێویستە بەبێ مەرجی پێشوەختە نە لەلایەن حكومەتەوە نە لەلایەن بەڕێز مەسعود بارزانییەوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دیالۆگ ئەنجام بدرێت”. گوتیشی: “توانای خۆمان لە خزمەتی ئەو ئاراستەیە خستووەتەڕوو، پەنا بەخوا لە هەردوولا وەڵامدانەوە بۆ ئەو داواكاری و بانگەوازەی ئێمە دەبێت، هیوادارین سەقامگیری و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆ بكەین، كە عێراق چۆن بێت لە داهاتوودا”.
هەروەها عەللاوی مەترسی خۆی لە دۆخی عێراق راگەیاند و گوتی: “سەبارەت بەوەی روودەدات زۆر ترسناكە، ترسناكییەكەی رەنگدانەوەكەی دەبێت لەسەر هەموو كەسێك لە عێراق نەك تەنیا هەرێمێك یان پارێزگایەك، بەڵكو رەنگدانەوەی لەسەر هەموو تاكێك دەبێت، بۆیە دەبێت هۆشیاربین و خۆمان نەخەینە نێو داواكاریی قورس، پێویستە ئارامبگرین و گفتوگۆی لۆژیكی بكەین لەپێناو سەلامەتی و یەكپارچەیی عێراق و گەیشتن بە دەوڵەتی مەدەنی”.
لەبارەی كەركووكیش گوتی: “بەرلەوەی قسەكانم تەواو بكەم دەبێت ئەوە بڵێم و لە بەیاننامەكەشمدا قسەم لەسەری كردووە، هیچ لایەنێك لە عێراق نابێت بە تەنیا خۆی گفتوگۆ بكات، ئێمە بینیمان شاندی كوردستان كە گەیشتە بەغدا لەگەڵ بەشێك لە هاوپەیمانی نیشتمانی لە گفتوگۆدا بوون، ئەمە نابێت رووبدات، چونكە ئەوە گرنگە بۆ عێراق دەبێت هەمووان بەشداربن، ترسی ئێمە ئەوەیە شتێك لە كەركووك رووبدات و رەوشی عێراق هەمووی تێكبچێت، ببێتە باهۆزێك و هەمووی بگرێتەوە، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا هیوادارین میدیای عێراقی راستییەكان بگوازنەوە و كار بۆ ئارامكردنەوەی رەوشەكە بكەن، نەك گرژكردنی”.
نێوەڕۆكی نامەكانی عەللاوی بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم شەش خاڵە لەخۆدەگرێت:
یەكەم: دەستپێكردنی دانوستاندنی بێمەرجی پێشوەختە.
دووەم: بنەمای دانوستاندنەكان دەستووری كۆماری عێراق بێت.
سێیەم: داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین پشتیوانی دانوستاندنەكان بكات و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان تیمێكی شارەزایان بنێرێت.
چوارەم: راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن و بڕیارەكان كە دۆخەكە تێكدەدەن.
پێنجەم: چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دوورخستنەوەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لە ناوچە جێناكۆكەكان، لەپێش هەموو ناوچەكانیشەوە پارێزگای كەركووك.
شەشەم: دۆزینەوەی چارەسەری نیشتمانی و دوورخستنەوەی عێراق لە دەستوەردانی دەرەكی و وڵاتانی دراوسێ، كە ئەگەری ئەوە هەیە كێشەكان قووڵترببنەوە و عێراق بكەوێتە نێو كۆمەڵێك كێشمەكێشی زیاتر.