پەرلەمانی كوردستان وەڵامی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە

 

پەرلەمانی كوردستان بە تێكڕای دەنگی پەرلەمانتاران وەڵامی بڕیارەكانی حكومەت و پەرلەمانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، تەواوی بڕیارەكان نایاسایین و گشتپرسیی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە دەستووری عێراق ئەنجامدراوە. مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانیشی سەرپشك كرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی هەڕەشەیان لەسەرە.

رۆژی شەممە 30-9-2017، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی 62 پەرلەمانتار، مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوه ‌و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت و ئامانج رەحیم، راوێژكاری یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، یەكێك لە تەوەرەكانیش وەڵامدانەوەی بڕیارەكانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق بوو.

دەقی بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان:

1. پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە گەلی كوردستان دەكات، كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسی و مەدەنیدا خواستی خۆی بەجیهان نیشاندا، بە پشتبەستن بە بنەماو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و دەستووری عێراق، هاوكات دەسەڵاتە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان رادەسپێرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم كە لە 25-9-2017 ئەنجامدراوە.

2. پەرلەمانی كوردستان پەسند و پشتگیری دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە لە كۆبوونەوەی ژمارە 31 لە رێككەوتی 28-9-2017 وەك بەشێك لە وەڵامی پەرلەمانی كوردستان بۆ بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، جەخت دەكاتەوە لەوەی دەبێت حكومەت كار بە یاسا و بڕیارە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

3. داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەكەین رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان بگرن، سەبارەت بە پیادەكردنی مافی چارەی خۆنووسین. پەرلەمانی كوردستان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دڵنیادەكاتەوە كە ریفراندۆمی كوردستانی عێراق بەهیچ شێوەیەك هەڕەشە نییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی هیچ وڵاتێك، هەرێم فاكتەری ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە بووە و دەبێت.

4. یاسا بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 121 لە دەستووری عێراق و بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 1992ی پەرلەمانی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك قابیلی جێبەجێكردن نین لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو لەلایەن پەرلەمانی كوردستان بڕیاری جێبەجێكردنیان بۆ دەردەچێت.

5. پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە كۆبوونەوەی ژمارە 23 ی رۆژی 27-9-2017 كە تایبەت بوو بە كاردانەوە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەنێو هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رەتدەكاتەوە، دووپاتیشی دەكاتەوە كە بڕیارەكە نادەستووری و نایاساییە بە پشتبەستن بەم خاڵانەی خوارەوە.

یەكەم. لە برگەی 1ی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاتووە، بەتەواوەتی پێچەوانەی سیستەمی فیدراڵی و بنەمای دیموكراسییە كە لە ماددەی 1ی دەستووردا چەسپێندراوە، پێچەوانەی ماددەی 8ی دەستوورە كە تێیدا هاتووە (عێراق رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی دەگرێت)، بڕیاری گەلی كوردستان لە ریفراندۆمی 25-9-2017 پاڵپشت بووە بە دەستووری عێراق و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی ساڵی 1966 كە عیراق پەسندی كردوون بە یاسای ژمارە 193ی ساڵی 1970.

دووەم. بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستانی عێراق لە 25-9-2017 پاڵپشت بووە بە رێسای مافی چارەی خۆنووسین كە رێسایەكی بەرفەرمانە، واتە (ئامیرەیە) لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەك كە هیچ دەوڵەتێك بۆی نییە دژی ئەو رێسایە بووەستێتەوە، چجای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن هاووڵاتیانی كوردستان بە تاوان لەقەڵەم بدات و داوای بەدواداچوونی قەزائی بكات بۆ ئەوانەی لە پرۆسەكەدا بەشداربوونە.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندكردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ بڵاوەپێكردنی هێزە فیدراڵییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێچەوانەی بڕگەی یەكە لە ماددەی 9ی دەستوور كە ناكرێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزەكانی ئاسایش دژی پێكهاتەكانی گەلی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان بەكاربهێندرێن، ئەمە جگە لەوەی ماددەی 140 ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، مافی یەكلاكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوە لەڕێگەی راپرسییەوە، نەك فەرمانكردن بە بەكارهێنانی هێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە. وە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان سەرپشك دەكەین بۆ گرتنەبەری هەر رێكارێكی پێویست بۆ پاراستن و پارێزگاریكردن لەو ناوچانە و بەرقەراربوونی ئارامی تێیاندا.

چوارەم: بڕیارە وزارییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراقی فیدراڵ كە لە بڕگەی 3ی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژی پێدراوە، هیچ پابەندییەكیان نییە لەسەر كوردستانی عێراق و لە دەرەوەی دەسەڵاتە تایبەتییەكانی حكومەتی فیدراڵە، لەهەمانكاتیشدا هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011 خاوەنی ئەنجوومەنی ئاسایشی خۆیەتی.

پێنجەم: بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەكان لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ نییە و بەهیچ جۆرێك لە ماددەی 110 ی دەستووردا ئاماژی پێنەدراوە، بەپێی ماددە 115 لە دەستوور هەر بابەتێك كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتییەكانی حكومەتی فیدراڵ نەهاتبێت دەسەڵاتی هەرێمەكانە.

شەشەم: سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان كە دەكەونە چوارچێوەی سیاسەتی نەوت و گاز ئەویش لە ماددەی 110ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا نەهاتووە، بەڵكو لەچوارچێوەی ماددە 112 چارەسەركراوە، بۆیە ئەمەش دەسەڵاتی تایبەتی حكومەتی فیدراڵ نییە.

حەوتەم: سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەو مافە مافێكی دەستووری و یاسایی بەدەستهاتووە بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كردنەوەی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتیانە، بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان كەموكوڕی هەبووبێت لە پێوەر و رێنماییەكانی كاركردنی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگانە، بە ناڕەواییكردن لە بەكارهێنانی دەسەڵاتدا هەژماردەكرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە دەكەوێتە چوارچێوەی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و بەپێی رێككەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و كونسوڵگەرییەكانی ساڵی 1963 كاری كونسوڵ و دیپلۆماتكاران رێكخراوە.

6. پەرلەمانی كوردستان تێكڕای ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەری عێراقی فیدراڵ رەتدەكاتەوە، كە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دراون.

 

لە كۆتاییدا پەرلەمانی كوردستان لە روانگەی باوەڕبوونی بە پرەنسیپی ئاشتەوایی نێوان گەلان دراوسێیەتی باش جەخت لە رێگاچارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم كێشەكان دەكاتەوە و لەوپێناوەش لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرپشك دەكات بۆ دەستپێكردنی گفوگۆی بنیاتنەرانە، هاوكات پەرلەمانی كوردستان داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە دۆستانی گەلەكەمان دەكات كە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڕوانن و هەڵوێستیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، چونكە لە روانگەی پەرلەمانی كوردستانەوە ئەو بڕیارانە سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانن و دژی گەلی كوردستانن بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، هەروەها پەرلەمانی كوردستان دەستپێشخەرییەكەی مەرجەعی باڵای شیعە بەڕێز ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان بەرزدەنرخێنێت و پێشوازی لە هەر هەوڵێكی نێودەوڵەتی یان كەسی دەكات بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن و گفتوگۆ.

Back to top button