ئۆپه‌راسیۆنی (قه‌لغانی فورات) بۆچی و به‌ره‌و كوێ؟

راپۆرت/ خواكوڕك

سوپای توركیا رۆژی چوارشه‌ممه‌ 24ی ئابی 2016 ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی دژی رێكخراوی داعش به‌ ئاراسته‌ی شاری جه‌رابلوس و به‌هاوكاری هێزه‌كانی سوریای ئازاد، بۆ ناو خاكی سوریا له‌ ژێرناونیشانی (قه‌ڵغانی فرات) ده‌سپێكرد.

ئامانجه‌ راگه‌یاندراوه‌كانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌، وه‌كو له‌ راگه‌یاندراوه‌ سه‌ربازیه‌كان هاتووه‌، بۆ نه‌هێشتن و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی تیرۆر له‌ سنوره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌سه‌ر سنوور بۆ ئاواره‌كانی سوریا له‌و ناوچانه‌یه‌.

به‌ڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م به‌رواره‌ و په‌له‌كردنی توركیا له‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌ری شه‌ڕی (مه‌رج دابق) كه‌ 500 ساڵ پێش ئێستا له‌ نێوان توركیا و سوریا روویدا. مێژووی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ ململانێ و شه‌ڕه‌ جۆراوجۆره‌كان، دوژمنكاریه‌كی قوڵی له‌ نێوانیان دروستكردووه‌ و له‌ زۆربه‌ی وێستگه‌ گرنگ و ئالوگۆڕی قوناغه‌ مێژووییه‌كان، ململانێ و پێكدادان له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ دروست بووه‌ و په‌ڕه‌یه‌كی دیكه‌یان له‌ مێژووی ناكۆكیه‌كانیان تۆمار كردووه‌. توركیا ویستی له‌م هه‌ڵومه‌رجه‌ی ئێستا، گورزێكیتر له‌ لاپه‌ڕه‌ میژووییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بوه‌شێنێت و شانازیه‌كی دیكه‌ی مێژوویش بۆخۆی تۆمار بكات.

به‌ گوێره‌ی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی ره‌نگه توركیا وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشبینی بۆ كرابوو زیاتر له‌ناوچه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ و به‌رنامه‌ و ستراتیژی قوڵتر له‌ناوچه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات. سوپای سووریای ئازاد به‌هاوكاری توركیا توانی له‌ماوه‌ی 14 سه‌عاتدا جه‌رابلوس له‌ده‌ستی داعش ده‌ربهێنێت ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات كه‌به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به ‌یه‌په‌گه‌ن، توانیان له‌ماوه‌ی 70 رۆژ مه‌نبه‌ج له‌ده‌ستی داعش ده‌ربهێنن.

پرسیار ئه‌وه‌یه ‌ئایا ئیدی توركیا هێزه‌كانی ده‌كشێنێته‌وه‌؟ یاخود به‌ره‌و مه‌نبه‌ج به‌ڕێده‌كه‌وێت.

له‌گه‌ڵ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاوی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی سوریا، ناوه‌نده‌ سیاسی و میدیاكانی یه‌په‌گه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و هه‌وڵوێست وه‌رگرتن. ساڵح موسلیم له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی داده‌ڵێت: توركیا هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی به‌ده‌ست خۆیه‌تی به‌ڵام ده‌رچوونی به‌ده‌ست خۆی نیه‌.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ یه‌په‌گه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ له‌ قورسایی سوپای توركیا و هۆكار و پشگیریه‌كانی ئه‌و سوپایه‌ بگات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ هه‌موو كات له‌ رووبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ زیانی زۆری به‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن نابێت ئه‌وه‌مان له‌ بیربچێت كه‌ سوپای توركیا سوپای هاوبه‌شی هێزه‌كانی ناتۆیه‌، هه‌ر ده‌ست درێژیه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌م سوپایه‌، ده‌ست درێژیه‌ بۆ سه‌ر ناتۆ.

ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ریكا به‌ئاسانی مه‌نبه‌ج راده‌ستی توركیا یان هیچ هێزێكی دیكه‌ی جیهادی ناو سووریا ناكاته‌وه‌، چونكه‌ هیچ گره‌نتییه‌ك نیه‌ تا داعش داگیری نه‌كاته‌وه‌. بۆ نموونه‌ هێزه‌كانی سوپای سووریای ئازاد چه‌ندین جار له‌لایه‌ن توركیاوه‌ هاوكاری كراون، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ به‌رامبه‌ر به‌داعش سه‌ركه‌توو بن، هه‌ربۆیه‌ئه‌مه‌ریكا نایه‌ڵێت هه‌ژموونی یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج كه‌م ببێته‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌په‌گه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بكات و هێرش بكاته‌ سه‌ر سوپای توركیا، ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئاشكرا ده‌داته‌ ده‌ست توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان ئه‌و هێرشانه‌ وه‌ك ده‌ست درێژی و كرده‌وه‌ی تیرۆر بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ناتۆ هه‌ژماربكات. ئه‌و كات توركیا رێگه‌ی بۆ خۆش ده‌بێت هه‌نگاو بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ بنێت كه‌ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر داگرتووه‌، به‌تایبه‌تی شاری منبه‌ج.

 

 

 

 

 

 

Back to top button