ئەندام پەرلەمانێكی پارتی چەندین بەڵگەی مەترسیداری گەندەڵی ئاشكرا دەكات

خواكوڕك
 
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، چەندین بەڵگەنامە لەسەر تەخشان و پەخشانكردنی پارە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرایشی دەكات، كە تا ئێستا لەوكارەی بەردەوامە.
 
 مەدینە ئەیوب ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی كاروباری پەرلەمانی كوردستان، چەند بەڵگەیەكی لەسەر یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە، بەڵگەكان ئاشكرای دەكەن، كە لەو كاتەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی وەرگرتووە و تا ئێستا، بە ملیارەها دیناری خەرج كردووە و بە دەیان كەسی نزیك لە حیزبەكەی، وەك راوێژكار و فەرمانبەری پەرلەمان دامەزراندووە، کە ئێستا ھەندێ لەو کەسانە مووچە و دەرماڵە و ھاوکاری مانگانەیان، دەگاتە زیاتر لە (8) ملیۆن دینار.
 
 ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی ئاشكرای كرد، كە تەنها لە ماوەی (1/1/2015) تا (31/10/2015) واتە کەمتر لە ساڵێک، سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر لە (20) ملیار و دووسەد و پەنجاوسێ ملیۆن دینار خەرجیی ھەبووە، کە زۆربەی بۆ ئیفاد و پاداشت و ھاوکاری بووە و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بەخشراوە.
 
 هەر بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە مەدینە ئەیوب شەرنەخی بڵاوی كردوونەتەوە، لەو ماوەیەدا (10) ملیار  (261) ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج کراوە، کە سێ ملیاری دەرماڵە بووە بۆ پەرلەمانتاران، (448) ملیۆن دیناریش بۆ ئیفادی پەرلەمانتاران بووە، بڕی (1) ملیار و (344) ملیۆن دینار بۆ پێداویستی جۆراوجۆر و خزمەتگوزاری خەرج كراون، بە ناوی چاككردنەوەوە بڕی (378) ملیۆن دینار خەرج كراوە، (8) ملیۆن دینار بە ناوی چاككردنەوەی ئاوی زێرابەوە خەرج كراوە، ئەمە جگە لەوەی كە لیستێك هەبووە بۆ كەسانێك كە بە ناوی هاوكارییەوە پارەیان بۆ خەرج كراوە، بەجۆرێك كە كەمترین هاوكاری (300) هەزار دینار و زۆرترینشیان (9) ملیۆن دینار بووە، هەروەها بەڵگەكان دەری دەخەن، كە سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، لە رۆژی (6/4/2015) بە ناوی هاوكاری بۆ هۆڵی پرسەی گوندەكەیان، بڕی (800) هەزار دیناری لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ خەرج كراوە.
 
ھەر لە ماوەی دەسەڵاتی یوسف محەمەد لە پەرلەمانی كوردستاندا،  لەسەر داوای ئەوان وەزارەتی دارایی بە نووسراوی ژمارە (22930) کە لەلایەن رێباز حەملان وەزیری دارایی واژۆ کراوە، داوای بەخشینی باجی گومرگی لەسەر (109) ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران کراوە، کە نرخی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە نزیکەی (9) ملیۆن دۆلار.
 
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەكی تر، كە هەر لە لایەن مەدینە ئەیوب شەرنەخییەوە بڵاو كراوەتەوە، بڕی (5) ملیۆن دینار لە (12/10/2015) بۆ نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە سلێمانی خەرج کراوە، ھەر بەپێی بەڵگەیەکی تر (60) ملیۆن دیناری  دیکە بە ناوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان و پاسەوانەکانی خەرج کراوە، ھەر لەو ماوەیەشدا بەناوی ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان لەبری ئەوەی لە پەرلەمان کارەکانی بکات، لە نووسنیگەی سلێمانی کردوویەتی بڕی (50) ملیۆن دیناری دیکەی بۆ خەرج کراوە، ھەر لەو ساڵە (7) ملیۆن دیناری دیکەش بەناوی ھاوکاری بۆ (9) کەس خەرج کراوە، نزیکەی (5) ملیۆن دیناریش بەناوی ھاوکاریی ئاوارەکان خەرج کراوە.
 
هەر بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردوونەتەوە، سێ کەس بە پلەی ئەفسەر ھەر یەکەیان بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان (3) ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە، لەگەڵ چەندین ملیۆن دیناری دیکە کە بەناوی ھاوکارییەوە بە راوێژکاران و خەڵکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دراون، تەنانەت ئەو ھاوکاریانە دراونەتە پۆلیسی پاسەوانی بارەگای پەرلەمان و ھاتووچۆی بەردەرگای پەرلەمان، بەناوی نەخۆشیشەوە پارە بە هەندێك رۆژنامەنووس دراون، كە خۆیان و میدیاكانییان بۆ بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان كارییان كردووە، لە بەڵگەنامەیەكی ترشدا ئەوە ئاشكرابووە، كە لە (13/9/2015) بەناوی پاداشتنەوە بڕی (3) ملیۆن دینار دراوەتە کاردۆ محەمەد كە بەناوی ئەوەی کە خۆبەخشانە راوێژکارە لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەڵگەیەکی تریشدا ئەوە ھاتووە کە سێ پاسەوانی کاردۆ محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ھەریەکە و بڕی (150) ھەزار دیناریان وەکو ھاوکاری پێ دراوە، لە بەڵگەیەکی تریشدا بەناوی کاری ئیداری بڕی (2) ملیۆن دینار بۆ نووسینگەی سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر خەرج کراوە، بە گوێرەی بەڵگەنامەكانی مەدینە ئەیوبی پەرلەمانتاری پارتی، سەرۆكی پەرلەمان بە ناوی دڵسۆزی لە كاركردندا، نزیكەی (8) ملیۆن دیناری بە ناوی هاوكاری داوەتە (10) كەس و هەر یەكەیان بڕی (400) هەزار دیناریان پێدراوە.
 
بە گوێرەی لیستی خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (2014) بڕی (31) ملیار و (700) حەوتسەد ملیۆن دینار بۆ چەندین بواری جیاواز خەرج کراون، لەو بڕە پارەیە زیاتر لە (19) ملیار و  (333) ملیۆن دینار بۆ مووچەو دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان خەرج کراوە، ھەروەھا بەناوی پێداویستیی خزمەتگوزارییەوە، (1) ملیار و (575) ملیۆن دینار خەرج کراوە، بڕی (19) ملیۆن و (454) ھەزار دیناریش لەو بڕە پارەیە دراوە بە جلوبەرگ، ھەر لەو بڕە پارەیە (6) ملیۆن دینار دراوە بە ئاھەنگ و بۆ خاوێنکردنەوەش (199) ملیۆن دینار خەرج کراوە، بۆ خواردەمەنی و داوودەرمانیش (46) ملیۆن دینار خەرج کراوە، ھەر لەو ساڵەشدا تێچووی ئیفادی پەرلەمانتاران گەیشتووەتە زیاتر لە (76) ملیۆن دینار.
 
 مەدینە ئەیوب لە بارەی خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە گوتی: ”لە ھەموو دامودەزگاکانی حکومەت پێشینەی ھاوسەرگیری وەستاوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی (2014)، بڕی (120) ملیۆن دیناری خەرج کردووە بەو ناوەوە بۆ (24) کەس و بۆ ئەو ساڵە کە بودجە پەسەند نەکراوە ئەوە کارێکی نایاساییە و جیاوازیکردنە لە نێوان فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان”.
 
گوتیشی:”لەکاتێکدا دامەزراندن بە ھەموو شێوەیەک راگیراوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان (110) کەسی لە ماوەی ساڵی (2014/2015) دامەزراندووە، ئەو دامەزراندنە (14) راوێژکاریان تیادایە کە (5) راوێژکاریان بە پلەی (ئەلف) دامەزراوە، کە ئەوانەی پلەیان (ئەلف)ـە واتە بریکاری وەزارەتن و بڕی پارەی مانگانەیان دەگاتە (7) ملیۆن و  (492) ھەزار دینار، مانگانەش بەناوی ھاوکاری ھەریەکەی (1) ملیۆن دیناری دیکەیان پێ دراوە، لەکاتێکدا ھیچ یاسایەک نییە کە ھاوکاری بدرێتە کەسانێک کە مووچەکانیان ھێندە بەرز بێت، جگە لەوانیش دەیان کەسی دیکە بەناوی خزمەتگوزار و شۆفێر و وەرگێڕ و بەڕێوەبەری گشتی و چاودێری کشتوکاڵ و پڕۆگرامسازی دامەزراون، جگە لە زیاتر لە (20) کەسی دیکەش بە گرێبەست”.
 
مەدینە ئاشكری كرد، كە (3) كەس لەو راوێژکارانەی کە یوسف محەمەد بە پلەی (الف) دایمەزراندوون، ھیچ بڕوانامەیەکیان نییە، گوتیشی: ”لەو پلەیە دەبێت خزمەت ھەبێت و مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت بڕوانامەیەکی بەرزی ھەبێ، هەروەها ھەموو ئەو ھاوکاری و پاداشتانەی کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دراون، بە شێوەی نایاسایی بوون و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو خەرجییانە دابنرێت و رابگیرێن”.

 

3
بەڵگەكانی لەسەر گەندەلیەكانی یوسف محمەد

1 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 15 16 2

Back to top button