سەركردایەتی سیاسی كوردستان: پێشوازی لە دەستپێشخەری سیستانی دەكەین

دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاری خۆیدا ناوی خۆیی بگۆڕێت لە ئەنجومەنی بالای ریفراندۆم بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان, لە نێو بەیاننامەیەكدا سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق، رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دەكەین.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەو دەستپێشخەرییەی سەماحەتی مەرجەعی باڵا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی ئێمە یەك دەگرێتەوە، كە ئەویش گفتوگۆیە وەكو تاكەڕێگە بۆ چارەسەر كردنی كێشە و بابەتە هەڵواسراوەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
دەقی بەیاننامەكە:
سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان-عێراق پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی دەكات
ئێمەی نوێنەرانی زۆرینەی پارتە كوردستانییەكان لە (سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان – عێراق)، پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما، سەید عەلی سیستانی دەكەین كە لەلایەن نوێنەری مەرجەعییەت بەڕێز ئەحمەد ئەلسافی، لە كاتی پێشكەشكردنی وتاری هەینیی 8ـی موحەررەمی 1439یهیجری بەرانبەر 29ی9ـی2017، خرایەڕوو. لە كاتێكدا پێشوازیی لەو بانگەوازە دەكەین كە هەموو لایەك لەم ڕۆژانەدا یادی سەركەوتنی پڕەنسیپ بەسەر شمشێردا دەكەنەوە، كە خۆی لە شۆڕشی حوسەین كوڕی عەلی (سەلام و درودی خوای لێ بێت)، دەبینێتەوە.
ئەو بانگەوازە هەنگاوێكی گرینگە بۆ پاراستنی پڕەنسیپەكانمان كە سەرچاوەكەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بنبڕكردنی توندوتیژی و هەڕەشەیە.
ئەو دەستپێشخەرییەی سەماحەتی مەرجەعی باڵا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی ئێمە یەك دەگرێتەوە، كە ئەویش گفتوگۆیە وەكو تاكەڕێگە بۆ چارەسەر كردنی كێشە و بابەتە هەڵواسراوەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە كە گفتوگۆی بەردەوام میكانیزمی سەرەكییە بۆ دروستكردنی برایەتی و تەفاعولی ئەرێنی و بەرهەمهێنانی ئەنجامی هاوبەش. هەروەها گفتوگۆ دەبێتە هۆكاری نەمانی دیاردەی ڕق و كینە و ڕەگەزپەرستی كە ئەوانە هەموویان ئەنجامی بارگرژین لە واقیعی ئێستای سیاسی و كۆمەڵایەتیی ژیان، لە عێراقدا.
بۆیە ئێمە ڕای دەگەیەنین كە لەسەر بنەمای بانگەوازی بەڕێزی مەرجەعییەت، ئامادەییمان دەردەبڕین بۆ دەستپێكردنی دانوستانی جیدی لەگەڵ حكوومەتی عێراق.
سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان – عێراق
1ی10ی 2017