سهرۆكایهتی ههرێم بۆ ئهمریكا:رۆژێك ئێوهمان نهدیت لهسهر پێشهڵكردنی دهستوور لهلایان بهغدا بێنه دهنگ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوەکەی رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند “سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتووندوتیژیانەی ریفراندۆم، بەڵام نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە”.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت “هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت”.
دەقی وەڵامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێز رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ـی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد، ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێراق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتووندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە.
هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
١ـی ١٠ـی ٢٠١٧