وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌واڵێك به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ و رێكاری یاساییش ده‌گرێته‌ به‌ر

لە راگەیەندراوێكدا گوته‌بێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی،لەبارەى نوسراوێك كە بەناوی وەزارەتەكەیانه‌وه‌ سەبارەت بە كرێی بەشەناوخۆییەكان بڵاوكراوەتەوە، روونکردنەوە دەدات و ده‌ڵێت” نوسراوى لەم شێوەیە لە وەزارەت دەرنەچوەو نوسراوەکە تەزویر کراوە.

لەو راگەیەندراوە كە وێنەیەكی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتووه‌، (عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ھەرێمی كوردستان، لەبارەی بڵاوبوونەوەى نوسراوێکى ساختە بە ناوى وەزارەتی خوێندنی رایده‌گه‌ێنێت” بە داخەوە چەند کەسێکى نەفس نزم و گێرەشیێوین بە مەبەستی پشێوی نانەوە و تێکدانی پرۆسەی خوێندن لەم سەرەتای ساڵی خوێندنە نوسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان تەزویرکردوە کە باس لە کرێى بەشە ناوخۆییەکان دەکات، بۆیە وەک وەزارەتەکەمان رایدەگەیەنین نوسراوى لەم شێوەیە لە وەزارەت دەرنەچوەو، ژمارەو رێکەوتى ئەم نوسراوە ساختە کراوە، کە تایبەتە بە نوسراوێکى دیکەى وەزارەتەکەمان بۆیە ئەم نوسراوەى بڵاوکراوەتەوە تەزویرە”.

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئه‌وه‌شی گوتوه‌”وەزارەتەكەمان بە دواداچوونی ورد ئەنجام دەدات و رێوشوێنى ئیداری و یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتە بەر کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە”.

Back to top button