سەركردەكانی توركیا تازە دەبێت توركیا لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان گفتوگۆ بكات
پرسی سازادانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەگەرچی ناڕەزایەتی وڵاتی توركیایی لێكەوتەوە بەڵام ناڕەزایەتیەكان لە ئاستی ناوخۆ ئەو دابەشی سەر دوو ئاراستە كردبوو بە جۆرێك بەشێك لە سەركردەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانن و ریفراندۆم بە هەنگاوێكی دروستی كوردستان دەزانن, بە جۆرێك كە هەندێك لەو سەركردانە سەربەخۆیی كوردستان بە مافێكی رەوای میللەتی كورد دەزانن، داوایش دەكەن دوای ریفراندۆم ئیدی دانوستاندن دەست پێ بكات.
تەمەل كەرەمولا ئۆغلو، سەرۆكی پارتی سەعادەتی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای كرد لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئیدی پێویستە ئەنكەرا و هەولێر گفتوگۆ بكەن و بگەنە رێككەوتنێكی هەمیشەیی.
ئەو پێی وایە، نەك تەنیا توركیا، بەڵكوو دەبێت ئێران و سووریا و عێڕاقیش بە هەمان شێوە واز لە دژایەتیی بهێنن و لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی كورد بگەنە رێگەچارەیەكی گونجاو، نەك شەڕ بەرپا بكەن.
ئەو دەڵێت: “نابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ببێتە هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕێكی تازە، چونكە بە شەڕ ناتوانین هیچ كێشەیەك چارەسەر بكەین. لەمەودوا دەبێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەین، بەوەی ریفراندۆم ئەنجام دراوە و ئیدی بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، رەنگە دەبوایە ئەو ریفراندۆمە نەكرابوایە، بەڵام كە كرا نابێت ببێتە هۆكاری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەكە”.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە، چەند رۆژێك بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم نامەیەكی لەبارەی ریفراندۆمەوە بۆ هەرێمی كوردستان نارد و لەوێدا بە ئاشكرا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی كردووە.
ئەو پێی وایه، كوردیش وەكو, هەموو نەتەوەیەكی تر پێویستە وڵاتی هەبێت و وەكو, شیری دایكی لێی حەڵاڵە، بەڵام پێی باش بوو هەموو لایەنەكانی كوردستان لەسەری رێك بكەون و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدەن.
ئەم گوتەیەی دەمیرتاش بەلای زۆرێك لە نووسەرانی توركیا جێگەی گومان بوو، چونكە وایان لێكدایەوە كە دەمیرتاش مەبەستیەتی بڵێت هەر 4 پارچەی كوردستان یەك بگرێت و دەوڵەتی گەورەی كوردستان رابگەیەنرێت.
تەلەڤزیۆنی (ئێن تی ڤی)ـیش لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، كە ئەگەر توركیا سنوور بە رووی هەرێمی كوردستاندا دابخات، ئەوكات هەرێم سنووری رۆژئاوا دەكاتەوە و باشوور و رۆژئاوا یەك دەگرن و رەنگە ببن بە دەوڵەتێكی یەكگرتوو.
ئەوەی زۆر گرنگە و بۆچوونەكەشی بە هەند وەردەگیرێت، بۆچوونی كەمال كلیچدار ئۆغلو، سەرۆكی جەهەپەیە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و خاوەنی 136 كورسیی پەرلەمانییە.
كلیچدار ئۆغلو، هەر لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد و بەرامبەر بەو پرسە توند نەبوو. تەنانەت لە میدیاكانی خۆیانەوە نووسینی ئەو نووسەرانەیان بڵاو دەكردەوە كە باسیان لە پێویستیی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكرد. ئەمەیش بەو مانایە نایەت كە لەگەڵ ریفراندۆمدا بووبێت، بەڵام دژایەتیی نەكردنیشی لەم كاتەی ئێستادا حكوومەتی توركیای بەرامبەر بەو پرسە نەرمتر كرد.
ئەگەر بێت و كلیچدار ئۆغلو بەتوندی قسەی بكردایە و بەیاننامەیەكیشی وەكوو ناڕەزایی بەرامبەر بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەرببڕیبوایە، ئەوكات حكوومەتی ئاكپارتی هەڵوێستێكی توندتری لە ئێستای دەبوو، بەڵام جەهەپە تەنیا گوتویەتی لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێڕاقین، نەیگوتووە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام درا سزای ئابووریی هەرێم بدەن و ئۆپەراسیۆنی سەربازیش ئەنجام بدەن.
بەپێچەوانەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كە چوارەم پارتی سیاسییە لەناو پەرلەمان و بە هاوپەیمانی ئاكپارتی دادەنرێت، بە شێوەیەك دژایەتیی بۆ ریفراندۆم دەربڕی، داوای كرد توركیا هێز بەكار بهێنێت و هەروەها سزای ئابوورییش بەسەر هەرێمدا بسەپێنیت.
باخچەلی لە ماوەی 3 مانگدا 3 جار نووسینی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بڵاو كردوەتەوە و لە هەرسێ نووسینیشدا بە زمانێكی شۆڤێنی و توند قسەی كردووە. لە چەندین وتاریشدا زمانی هەڕەشەی بەكارهێناوە.
دەنیز بایكال، كە سیاسییەكی گەورە و سەركردەیەكی گەورەی توركیایە، ئەو پێشتر سەرۆكی جەهەپە بووە و ئێستایش ئەندام پەرلەمانی توركیایە، پێی باش نییە توركیا بەو شێوەیە بەرامبەر بە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان توند بێت.
بایكال لە ئیزمیر وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: “ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمی كوردستان بە رێگەیەكی باش نازانم و چارەسەری كێشەكان ناكات. پێویستە توركیا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەپچڕێنێت و بەردەوامیی پێ بدات”.