دیپلۆماتكارێكی بۆسنیا: كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە ئامادەیە ببێتە دەوڵەت

دوای سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان, پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان لە سەر ئاستی جیهاندا تادێت روو لە زیاد بوونە لە دواهەمین لێدوانیشیدا دیپلۆماتكارێكی بۆسنی كە پێشتر بالیۆزی وڵاتەكەی بووە لە توركیا دەلێت:” كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە ئامادەیە ببێتە دەوڵەت”.

خەیرولدین سومون، باڵیۆزی پێشووی بۆسنیا له توركیا كە هاوكات نووسەر و دیپلۆماتكارێكی بەناوبانگه و له ‌سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا چاوی به ژەنڕاڵ ‌بارزانی كەوتووە،‌ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە خەڵكی بۆسنیا‌ و هێرزەگۆڤینیا‌ پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش، پشتگیریی مافی ڕەوای خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی”.

سومون لە ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سەروتاری گەورەترین ڕۆژنامەی بۆسنیای نووسیوە بە ناونیشانی (یەكیك لەو ڕیفراندۆمانەی جیهان كە خاوەنی هەموو هۆكارێكی سیاسی، مێژوویی، ئابووری، كولتووری و ورە بەرزییە) و تێیدا‌ باس لەوە دەكات كە كەس ناتوانێت چیتر ڕێگە لە خەڵكی كوردستان بگرێت بەو مافەی بگات كە چەندین ساڵە لێیان زەوت كراوە .

ئەو نووسەر و دیپلۆماتكارە هەمان ڕۆژ لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیشدا لە بۆسنیا‌ تیڤی باسی لەوە كردووە كە “ڕیفراندۆم مانای جیابوونەوەی یەكجاری نییە لە عێراق، بەڵكوو پیشاندانی خواست و هیوای خەڵكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان و بەسەربردنی ژیانیان لە باردۆخێكی باشتر لە ئێستا لەناو دەوڵەتی كوردستان”.

ئەو دیپلۆماتكارە بۆسنیایە جەختی لەسەر گرنگیی یەكگرتوویی هێزە سیاسییەكانی كوردستان كردووەتەوە لە سەركەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا كه پێكەوە داوایان لە خەڵكی كوردستان دەكرد دەنگ بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەیان بدەن.

 

Back to top button