وڵاتانی دونیا لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكرێنەوە, هیچ گەشتێكی ناوخۆیی عێراق بۆ هەولێر و سلێمانی قبولناكرێت
بۆ ئاگاداركردنەوەی وڵاتانی دونیا لە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ڕاگرتنی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر و سلێمانی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای حكوومەت لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەری وڵاتانی بیانی و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانی لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
ماڵپەری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دوایین هەڵوێست و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری راگرتنی گەشتەكان لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی، فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم بەئامادەبوونی مەولود مراد وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەو تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی هەولێرو خاتوو سیهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لەڕاوێژكارانی وەزارەت و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، میوانداری ژمارەیەكی زۆری نوێنەری ووڵاتانی بیانی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانی لە هەرێمی كوردستان كرد.
سەرەتا بەبۆنەی كۆچی دوای جەنابی سەرۆك مام جلال تاڵەبانی و ڕێزگرتن لەخەبات و بەرخودانی سەركردەیە تەواوی ئامادەبووان ساتێك بێدەنگیان نوواند.
لە كۆبوونەوەكەدا فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان مەبەستی كۆبوونەوەكەی رونكردەوەو جەختی لەوە كردەوە كە تەواوی كێشەكان بە دیالۆگ و لە یەكتر گەیشتن چارەسەر دەبێت.
دواتر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوایین ڕێكارەكانی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و گووتی جێگای داخە حكومەتی عێراقی لەداخستنی فڕۆكەخانەكان بەنایاسایی، ئەو بڕیارە سیاسیەی دژ بەگەلی كوردستان داوە.
وەزیری گواستنەوەو گەیاندن گوتیشی: “ئەوەی بەغدا داوای كردووە پەیوەندی بەهەردوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانیەوە هەیە، باسی چاودێری و سەرپەرشتیكردنە كە ئەو دوو داوایە خۆی لەخۆیدا بەركارەو ئەنجامدراوە ، ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عێراقی بەپێی یاساو ڕێسا جیهانیەكان زۆرترین هاوئاهەنگی و هاوكاریمان هەیەو بەشداری خول و پشكنینی ساڵانەو سەرپەرشتی هەرلەلایەن ئەوانەوە ئەنجام دراوە، بۆیە هیچ شتێك شك نابەین كە نادەستوری بێت” .
مەولود باوە مراد تیشكی خستەسەر رێگا چارەكان و گوتی: “ئێمە لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن لەسێ ڕێگاوە هەوڵی پەیوەندیكردنمان داوە لەگەڵ ئەو كەسانەی ئەم بڕیارەیان دەركردوە لەوانەش كۆنگرەی ڕۆژنامەگەری و ناردنی نامەیەكی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزیری گواستنەوەی عێراقی و دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عێراق و دواترین هەوڵمان ناردنی نامەیەكی تایبەت بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بووە لەڕێگای وەزیرە كوردەكانەوە بۆئەو مەبەستە، بەڵام تائیستە وەڵام نەدراونەوتەوە”.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولیر لە گوتەكەدا روونی كردەوە كە بریاری راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكان بۆ فرۆكەخانەكان تا كوو ٢٩-١٢-٢٠١٧ یەو ئەم ماوە زۆرەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هاولاتیانی هەرێم، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ چارەسەری نەخۆش، قوتابی، چارەسەری بریندرانی پێشمەرگە لەدەرەوە گەشت دەكەن.
هەروا گوتی كاریگەری راگرتنی ئەم گەشتانە بەرێژەی ٥٠% لەسەر ژمارەی گەشتیاران لە هەولێر بۆ دەرەوە كەم بۆتەوەو كاریگەری هەبووە لەسەر هێنانی هاوكاریە مرۆییەكان لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران. گوتی ئەم بریاری عیراق دژی رێكەوتنامەی شیكاگۆیە بۆ فرۆكەوانی بەلام ئێمە هیچ كاردانەوەیەكی توند دژی دەسەلاتی فرۆكەوانی عیراقی ناكەین.
لە كۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بۆ نوێنەری ووڵاتان كرایەوە و چەندین پرسیار و سەرنجیان لەبارەی ئەم بڕیارەوە خستەڕوو ، لەلایەن وەزیری گواستنەوەو بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكان و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێریشەوە وەڵام درانەوە و وەزیری گواستنەوە رایگەیاند: “بەبێ گفتوگۆ كەسمان قبوڵ نیە ، بەغدا بابێت و گفتوگۆ دەكەین وەك ڕابردوو پشكنین و چاودێری خۆیان بكەن و پێمان بڵێن كە داواكاریان چییە”.