ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆمار: عەبادی ئەمڕۆ وەك سەرۆكی (كۆمپانیا عێراق) دەركەوت

دوای سەردانی كردنی عەبادی بۆ وڵاتی فەرنسا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا, سیاسەتمەدارێكی عێراق، كە پێشتر ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار بووە، ڕای دەگەیەنێت، عەبادی لەسەردانەكەی ئەمڕۆیدا بۆ پاریس، زیاتر وەك خاوەن كۆمپانیایەك دەردەكەوت، نەك سەرۆك حكوومەت.
سادق موسەوی، ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عیراق، كە ئێستا سەرۆكی دەزگای عێراقە بۆ میدیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند: “سەردانەكەی ئەمڕۆی عەبادی بۆ فەڕەنسا، زیاتر لە سەردانی سەرۆكی كۆمپانیایەك دەچوو بە ناوی كۆمپانیای عێراق، نەك سەرۆكی حكوومەت”.

ئاماژەی بەوەشدا، كە لە كۆنگرە هاوبەشەكەی هەردوو سەرۆكەكەدا (سەرۆكی فەڕەنسا و سەرۆكی حكوومەتی عێراق) هەست بە دژەیەكبوون دەكرێت، گوتیشی: “هەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە نەبوو كە عیراق چاوەڕێ دەكرد، هەرچەندە عەبادی بە روونی ڕەتی دەكاتەوە”.

 

ئەوەشی خستەڕوو، كە لە گوتەكانی سەرۆكی فەڕەنسا، ئەوە بەدی دەكرێت، گۆڕانكاری لە بۆچوونەكانیدا بەرامبەر سەردانەكە هەیە، گوتیشی: “گوتەكانی زیاتر بازرگانی بوو، تا سیاسی و ئەمنی وەك لە بەیاننامەكانی پێشوودا ئاماژەی پێدەدرا و هەوڵی دەدات، هانی كۆمپانیاكان بدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ عێراق”.

 

بەبۆچوونی سەرۆكی دەزگا عێراقییەكە، سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بۆ پاریس پێش وادەی ڕیفراندۆم دیاری كرابوو، نە فەڕەنسا دەیتوانی پاشگەز ببێتەوە لێی، نە عەبادی دەیتوانی پەشیمان ببێتەوە و دوای لێبوردن بكات، بەڵام پرسی ڕیفراندۆم خۆی بەسەر سەردانەكەدا سەپاند.

 

سادق موسەوی، گوتیشی: “فەڕەنسا نەیتوانی بەڕوونی بۆچوونی خۆی بەرامبەر ڕیفراندۆم ڕابگەیەنێت، لەبەرامبەریشدا عەبادی نەیتوانی بۆچووی خۆی بەسەر فەڕەنسییەكاندا بسەپێنێت، بۆیە ڕێڕەوی سەردانەكەیان بۆ بازرگانی گۆڕی، تەنها بۆ ئەوەی بڵێن سەردانەكە سەركەوتوو بوو”.

Back to top button