له‌ باشیك ناكشێنه‌وه‌ و سه‌ردانی به‌غداش ده‌كات

سه‌ركوه‌زیرانی توركیا له‌سه‌ر بانگێشتی فه‌رمی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق ده‌كات، له‌ وتارێكیشی دا رایگه‌یاند ئه‌وان له‌ باشیك ناكشێنه‌وه‌، بابه‌ته‌كه‌ش بۆته‌ بابه‌تێكی میدیایی و زۆر له‌ قه‌باره‌ی خۆی دا گه‌وره‌ كراوه‌، ده‌شلێـ”ئه‌م پرسه‌ زێده‌ڕۆیی تێدا ده‌كرێت و بووه‌ته‌ مژارێكی رۆژانه‌ی میدیاكان. به‌ڕوونی ده‌یڵێم، سه‌ربازانمان له‌ باشیك مه‌شق و راهێنان به‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووی داعش ده‌بنه‌وه‌. هێزه‌كانی پاراستنی نه‌ینه‌وا و هێزێكی دیكه‌ش مه‌شقیان پێكراوه ‌و ده‌كرێت. بۆیه‌ تاوه‌كو پرسی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و پێشهاته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ مابێت، ئه‌م هێزه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چالاكییه‌كانی”. 

هه‌ر له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌واناندا له‌كۆنفراسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا یه‌لدرم گوتیشی”بانگهێشتی فه‌رمی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقم پێگه‌یشتووه‌ بۆ سه‌ردانیكردنی به‌غدا. ئاماده‌كاریی ده‌كرێت بۆ دیاریكردنی واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌مان و پێده‌چێت به‌منزیكانه‌ بێت. هاوئاهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی زیاتر له‌ڕووی ئابووری، پیشه‌سازی، ئه‌منی و سیاسی تۆكمه‌تر ده‌كه‌ین. دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، توركیا له‌مه‌ودوا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند فراوانتر ده‌كات، هه‌روه‌ها زیاتر گوتی “یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بۆ توركیا زۆر گرنگه‌ و چاودێری ته‌واوی دۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ هیچ قه‌واره‌یه‌ك و گۆڕانكارییه‌ك له‌ دیموگرافیای ناوچه‌كه‌دا بكرێت كه‌ له‌ سنووری باشووری وڵاتمان ده‌بێت”.

یڵدرم  هه‌روها گوتیشی “ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ رابگه‌یێنم هه‌رگیز پێكهاته‌كانی كورد، توركما، عه‌ره‌ب، كریستیانه‌كان، ئێزیدییه‌كان ئامانجی ئێمه‌ نین. به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت بڕیارده‌ران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ باج بده‌ن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا داوامان لێبكات، سنووره‌كان داده‌خه‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كارییه‌كانمان ته‌واو كردووه‌ بۆ ده‌روازه‌ی سنووری فیشخابوور كه‌ ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ده‌روازه‌ی خابوور له‌ ئه‌گه‌ری داخستنی و سه‌رجه‌م كاره‌كان له‌م سنووره‌ نوێیه‌دا بكرێت و چاوه‌ڕانی وه‌ڵامی به‌غداین له‌مباره‌یه‌وه‌”.

Back to top button