دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی بۆ كوردستان: پشوو درێژبن رای ئەمریكا دەگۆڕێت

دوای سازدانی ریفراندۆی سەربەخۆیی كوردستان و سەركەوتنی بە رێژەیەكی بەرز ئەنجامی ریفراندۆ كاریگەری لەسەر رای جیهان دروستكردووە, دیپلۆماتكارێكی ئەمریكیش دەلێت: لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ

دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی، ڕەخنە لە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەرامبەر مامەڵەكردنی لەگەڵ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەگرێت، كە لە 25ی ئەیلوولی ڕابردوو بەسەركەوتووی بەڕێوەچوو.

دیپلۆماتكاری ئەمریكی پیتەر گالبرێس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە كراوتیا و نووسەری كتێبی (كۆتایی عێراق)، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ وێستگەی “CNN”ی ئەمریكی، ڕای گەیاند: “بەداخەوە، كە پرسەكە پەیوەست دەبێت بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە لە عیراق، ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوشانی ئێران و دژ بەوانە دەوەستێتەوە كە دۆستمانن”.

پیتەر گالبرێس هەروەها گوتیشی: “لە كۆتاییدا، كوردستان سەربەخۆ دەبێت، ناشكرێت خۆمان لە خواستی گەلێك بدزینەوە، كە دەیانەوێت ببنە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان”.

ئەو دیپلۆماتكارە ئەمریكییە، دەشپرسێت: “ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرەو پشتیوانیكردنی كوردستان، واتا دۆستە دیموكراسییەكانمان هەنگاو دەنێت، یان پشتیوانی لە حكوومەتی ناوەندیی عێراق دەكات، كە لە هاوپەیمانانی ئێرانەوە نزیكە، هەروەها خاوەن حەشدی شەعبییە، ئەو میلیشیا شیعەیەی كە بە چەكی ئەمریكی هەڕەشە لە هێرشكردنە سەر پێشمەرگە دەكات، لەكاتێكدا ئیدارەی ترەمپ ئەو چەكانەی لە پێشمەرگەی بڕی”.

 

هەروەها جەختیشیكردەوە: “هەڵوێستی ئەمریكا، كە پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان ناكات، كاتییە و زۆر درێژە ناكێشێت”. ئاماژەی بەوەشدا، كە بە ڕاستی هەوڵێك لە ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دروست بووە بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەدەست بێت.

 

باسی لەوەش كرد، كە ئەمریكا پێویستی بەوەیە، یان دۆستە كوردەكانی هەڵبژێرێت، یان ئێران. هەروەها گوتی: “ئەمریكا وای دەبینێت، بژاردەكە لە نێوان دۆستەكانمانە و ئەوانەی لەگەڵ نەیارانمان وەستاونەتەوە (ئاماژەیەك بۆ بەغدا)”.
پێیشیوایە، لە كۆتاییدا ئەمریكا دەچێتە پاڵ دۆستەكانی (كورد)، گوتیشی: “پێشتر ئەمریكا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیات وەستایەوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی یوگسلافیا، بەڵام لە كۆتاییدا ڕازی بوو بەوەی ڕوویداوە”.
لە 25ی ئەیلوولی ڕابردوو، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی بەڕێوە چوو، كە تێیدا 92.7%ی دەنگدەران بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

Back to top button