ڤلادیمێر كوجیمیاكین: دەوڵەتی كوردستان لە عێراق و فیدراڵی كورد لە سووریا بوونەتە ئەمری واقیع
شارەزایەكی رووسی لە رۆژنامەی (Argumenty i Fakty) وتارێكی لە بارەی پرسی كورد لە عێراق و سووریا بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بە پێشكەوتنی دۆزی كورد لە سووریا كردووە و بە بۆمبێكی نوێی بۆ هەموو سووریا وەسفكردووە.
ڤلادیمێر كوجیمیاكین، لە وتارێكدا نووسیویەتی: یەكێك لەو بابەتانەی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتن لە میانی دیداری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێكردووە، پرسی راپرسییەكەی كورد بوو لە بارەی سەربەخۆی كوردستانی عێراقەوە، كە ئەنجامەكانی دەریخست زۆرینەی رەهای دانیشتوانی هەرێمەكە سەربەخۆییان دەوێت و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆن، كە بە رای شارەزایان ئەو پرسە ناوچەكە رووبەڕووی تەقینەوەیەكی گەورە دەكات.
ئەو پرسە بووەتە هۆی وروژاندنی توڕەیی توركیا و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە. بە تایبەتی لە كاتێكدایە كە كوردی سووریاش لە ئازار/ مارسی 2016 ناوچەی خۆبەڕێوبەری خۆیان لە باكووری سووریا راگەیاندووە.
ئایا راپرسییەكەی كوردستانی عێراق دەبێتە هۆی دەركەوتنی زیاتری ئەو پرسە لە سووریا؟ چۆن دەكرێت هەڵوێستی رووسیا روونبكرێتەوە. كە یەكێكە لەو لایەنانەی داوای پارێزگاری لە یەكپارچەیی وڵاتانی ناوچەكە دەكات و لە لایەكی دیكەوە كوردەكان وەك هاوپەیمانی رووسیا لە شەڕی دژ بە تیرۆر هەژمار دەكرێن؟
بۆ روونكردنەوەی ئەو پرسانە، رۆژنامەنووس و بەڕێوبەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست سیمیون باگداسارۆڤ، روونكردنەوەی خۆی هەبوو.
ئەو گوتی: هەرچەندە حزبە كوردەكانی عێراق و سووریا جیاوازن لە یەك و هەندێكجار رەخنە لە یەكدیش دەگرن، بەڵام زۆر پرسی هاوبەش لە نێوانیاندا هەن. كاتێك شەڕ لە كوردستانی عێراق رووبدات، دوور نییە كوردی سووریا بچن بۆ هاوكارییان.
وێنەكە بەم جۆرەیە، كوردستانی عێراق پێشتر لە سەردەمی سەدامدا دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری هەبوو، بەڵام دوای 2003 بە كردەوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ بوو. ئێمە دەمانەوێت دۆستی بەغدا بین، هاوكات 60 لە سەدەی یەدەگی نەوتی عێراق دەكەوێتە كوردستانەوە. لەوێ كۆمپانیا رووسەكان كار دەكەن، لەوانە رووس نەفت، كە بە بەهای چوار ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری دەكات. هەربۆیە ئێمە دەڵێین پێویستە رێزی كورد بگیرێت و هاوكات پارێزگاری لە یەكپارچەیی عێراق بكرێت.
هەرچی سووریایە، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) چالاكن، كە هێزەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردی (پەیەدە) كۆڵەگەی سەرەكییەتی و ئەو لایەنەش پارتی كرێكارانی كوردستان درووستیكردووە، كە بیروباوەڕی چەپانەی هەیە.
ئەو حزبە كوردییە لە 22ی ئەیلوولی رابردوودا هەڵبژاردنی ناوخۆیی بەڕێوە برد و ئەوان هاوپەیمانمانن و دۆستایەتیان لە ئێمە دەوێت. بەڵام ئێمە ناتوانین دانیان پێدا بنێین چونكە ئێمە دۆستی دیمەشقین، كە هەڵوێستێكی نەرێنیانەی لە بارەی كوردەوە هەیە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە ئێمە ئێستا دۆستی توركیاین، توركەكان دژی كوردن. لەو رەوشە سیاسیەدا خەریكی پێچ و دەورین.
لە بارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راپرسییەكەی كوردستانی عێراق سووریا هەڵدەوەشێنێتەوە، باگداسارۆڤ دەڵێت: لە واقیعدا و بە كردەوە، ئێستا سووریایەكی یەكپارچە لە ئارادا نییە. چونكە 18 تا 20 لە سەدی خاكی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی كورددایە و ئەوان ناوچەیەكی خۆبەڕێوبەری فیدراڵییان تێدا راگەیاندووە. لەو ناوچەیەدا سەربازگە و بنكەی سەربازی سوپای ئەمریكا هەن.
هەروەها لە سەدا 15ی خاكی سووریا بە ناوچەكانی كەمگرژی دیاركراوە. ئیدی چۆن دەتوانین باس لە یەكپارچەیی خاكی سووریا بكەین.
باگداسارۆڤ، گوتیشی: دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، هەمووان دەترسێنێت. چونكە كوردستانی عێراق ئەمری واقیعە. هەروەها فیدراڵی باكووری سووریاش بووەتە ئەمری واقیع. هاوكات رووبەرێكی فراوانی توركیا بە تایبەتی ناوچە كشتووكاڵییەكان لە ژێر هەژموون و كۆنترۆڵی پارتی كرێكارانی كوردستانن و بۆ ئێرانیش هەمان شت راستە.
ئەگەر شەڕیش رووبدات لە ناوچەكە، ئەوا هێزەكانی پارتی دیموكرات دەستەپاچە نامێننەوە و دەستیان نەبەستراوە، سەرۆكی پارتەكەش ساڵح موسلم رایگەیاندووە، ئەوان دەچن بۆ یارمەتیدانی براكانیان لە عێراق سەرەڕای هەبوونی ناكۆكی لە نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە عێراق.
سەرەڕای ئەمانە حكومەتی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوول دەكات. مەرجیان بەسەردا دەسەپێنێت كە ناكرێت ئەوان قبوڵیان بكەن. هەربۆیە هیچ رێگەیەك لەبەردەممان نەماوەتەوە جگە لەوەی چاودێری رەوشەكە بكەین و چاوەڕێ بین.
سەرچاوە: RTی عەرەبی